یاسین عەزیز: ئێران پاڵپشتی زۆری لە عێراق لەدەستدا
K24 – هەولێر
یاسین عەزیز، شرۆڤەکاری سیاسی رایگەیاند: بەهۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر، ئێران پاڵپشتی زۆری لە عێراق لەدەستداوە و ئەگەر بەو جۆرەش بەردەوام بێت دۆستەکانیشی لەدەست دەدات.
یاسین عەزیز، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لە ماوەی دوو رۆژدا کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و دەرەوەی لێکەوتەوە، لەناوخۆی عێراق کە هاوسۆزی زۆر بۆ ئێران هەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو تاوانەی لە هەولێر ئەنجامدرا کاردانەوەی زۆر هەبوو، کە بەلای منەوە ئەوە گرنگتر بوو لە کاردانەوەکانی دیکەی نێودەوڵەتی، لەم دوو رۆژەدا ئێران پاڵپشتی زۆری لە عێراق لەدەستدا، بڕیارە رۆژی هەینی دژی ئەو هێرشە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا گردبوونەوە بکرێت، کاردانەوەکان کاریگەری زۆری دەبێت".
گوتیشی: "دۆخی ناوخۆی ئێران خراپە، بۆیە دەیەوێت کێشەکان بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، رەنگە لە عێراق و سووریا و لوبنان هەندێک شت بۆ ئێران بچێتە سەر، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو پاکستان بۆی ناچێتە سەر، وەک بینیمان دوای هێرشی ئێران بۆ سەر پاکستان دوێنێ پاکستان باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد و باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە، ئەمڕۆش بە مووشەک وەڵامی هێرشەکەی پاکستانی دایەوە و چەند ناوچەیەکی ئێرانی بۆردومان کرد".
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، پێناچێت وڵاتە زلهێزەکان زیاتر لەوە لە ئێران قبوڵی بکەن دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز بکات و نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە، چونکە زۆربەی وڵاتان بەرژەوەندییان لە ناوچەکە هەیە. دەشڵێت: "دەبێ ئێران بیر لەوە بکاتەوە دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆز نەکات".
راشیگەیاند: "ئەگەر ئێران گوێ لە رووسیا و چین نەگرێت، ئەوانیش ئامادەنین لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان شەرمەزار بکەن، چونکە بۆ هەردوو وڵات ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، بۆیە ئەگەر ئێران بەو جۆرە بەردەوام بێت پاڵپشتی دۆستەکانیشی لەدەستدەدات و خۆی دەخاتە ناودۆخێک کە پێی چارەسەر ناکرێت".
یاسین عەزیز، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێران ئەو رێککەوتنەی پێشێلکردووە کە لەگەڵ عێراق واژۆی کردووە لەبارەی دۆخی ئەمنی، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە رێککەوتنامە ئەمنییەکە".
باسی لەوەشکرد: "ئێران دۆخی بەغدای لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردووەتەوە، بەڵام هەولێر نا، بۆیە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بیخاتە ژێر کاریگەری سیاسەتی خۆی، بەڵام ئامانجەکەی لەو هەولێر نایەتەدی".
ئەوەشی خستەڕوو: "بوونی پڕۆژە و وەبەرهێنانی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی ئێران کە لە عێراق و ناوچەکانی دیکەی عێراق نییە".
یاسین عەزیز، دەڵێت: "پرسی کورد لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو هێرشەی لەلایەن ئێران کرایە سەر هەولێر یەکێکە لەو پرسانەی گرنگ بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس، هاوکات هەڵوێست و یەکڕیزی کورد پێویستە بۆ ئەوەی ئەو پرسە گرنگی پێبدرێت".