دوای 23 ساڵ رووفاتێکی رووداوەکەی 11ـی سێپتەمبەر دەناسرێتەوە

K24 - هەولێر

بەپێی ئامارەکانی بەشی پشکنینی پزیشکی نیویۆرک، پاشماوەی پیاوێکی خەڵکی لۆنگ ئایلاند ناسێندرا، کە لە باشووری رۆژهەڵاتی نیویۆرک بەهۆی رووداوی هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر لە ئەمەریکا کوژرا.

جۆن بالانتاین نیڤێن کە لەو کاتەدا تەمەنی 44 ساڵ بووە، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای "ئۆن ریسک سێرڤیس" کاری کردووە، کە کۆمپانیایەکی بیمەیە لە نهۆمی 105ـی تاوەری دووەمی کۆمەڵگەی سەنتەری بازرگانی جیهانی، بەپێی نامەیەک کە لەو کاتەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەو و خێزانەکەی ژیانی خۆیان لە نێوان دوو ناوچەی مانهاتن بەسەر بردووە " وەئۆستەر بای"، کە لەوێ گەورە بووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئەسۆشێتد پرێس، هاوسەرەکەی، ئیلین نیڤن، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، ئەو و جاکی کوڕەکەیان، کە تەمەنی تەنها 18 مانگ بوو کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد، سوپاسگوزارن بۆ ئەو هەوڵانەی کە بەرپرسانی شارەکە داویانە بۆ تەواوکردنی ئەرکە سەختەکەیان بۆ ناسینەوەی پاشماوەی قوربانییەکان،

لە ئیمەیڵێکدا ژنەکە نووسیویەتی: بە دڵنیاییەوە بۆ من و زۆر کەسی دیکە ئەمە شۆکە، کە دوای ئەو هەموو ساڵە بیستوومانە DNA دۆزراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوە رێزلێنانێکی راستەقینەیە بۆ شاری نیویۆرک و ئەو تیمانەی کە بەدرێژایی ئەم ساڵانە لە پشت پەردەوە کاریان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دروشمی (هەرگیز لەبیرتان ناکەین)، ئاماژەی بەوەشکردووە، من و کوڕەکەم ئەم هەوڵانە بەرز دەنرخێنین.

نیڤێن 1650هەمین قوربانی رووداوەکەی ساڵی 2001ـی ئەمەریکایە، کاتێک رفێنەرەکان بە ئەنقەست فڕۆکەکانیان خستووەتە ناو سەنتەری بازرگانی ئەمەریکا، دوو هەزار و 753 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئێریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، گوتی: هەرچەندە ئەو ئازارەی کە بەهۆی زیانە گەورەکانی 11ـی سێپتەمبەر تووشی بووە، هەرگیز بەجێمان نەهێشتووە، بەڵام ئەگەری ناسینەوەی قوربانییەک دەتوانێت دەربڕینی دڵنەوایی بێت بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، بۆیە "من سوپاسگوزارم بۆ ماندووبوونی بەشی پشکنینی پزیشکی، کە رێزلێنانێکە بۆ یادی جۆن بالانتاین نیڤن و هەموو ئەوانەی لەدەستمان داوە".

لە بەیاننامەیەکی جیادا، جۆزیف سالادینۆ، سەرپەرشتیاری ئۆیستەر بای گوتی: هەمیشە پاڵەوانەکانمان لەبیر دەکەین کە لە هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەردا گیانیان لەدەستداوە، هەوڵە بەردەوامەکانی پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری بەرز دەنرخێنین بۆ یارمەتیدانی ناسینەوەی قوربانییەکان.

هەرچەندە پاشماوەی نزیکەی لەسەدا 40ـی قوربانیانی هێرشەکانی سەنتەری بازرگانی جیهانی دەستنیشان نەکراوە و تەنها ژمارەیەکی کەم لە تەرمی تەواو دەرهێنراونەتەوە کاتێک تاوەرەکان داڕماون، بەڵام پەرەپێدانی پشکنینی DNA چانسی زیاتر لە 21 هەزار و 900 پارچەی مرۆڤی بە خاوەنەکانیان بەستووەتەوە.

لە هەندێک حاڵەتدا زاناکان 10 جار یان زیاتر گەڕاونەتەوە سەر هەمان پارچە، بەو هیوایەی تەکنەلۆژیای نوێ ئاشکرای بکات،

 

جێگای سەرنجە کە ئەم هێرشە کاتێک روویدا، بەگوتەی ئەمەریکییەکان، " 19 کەسی پەیوەندیدار بە قاعیدە لە 11ـی سێپتەمبەری 2001دا چوار فڕۆکەی مەدەنییان رفاندووە، کە دوو فڕۆکەیان کەوتوونەتە ناو سەنتەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک و یەکێکیان کەوتووەتە ناو پێنتاگۆن، ئەویدیکەش کەوتووەتە کێلگەیەک لە پێنسڵڤانیا".