بەهۆی سووتانی بەشەناوخۆییەکی قوتابیان 13 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

میدیای فەرمی چین رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە بەشە ناوخۆیی قوتابخانەیەک ئاگری گرتووە، کە بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە.

کەناڵی "سی سی تی ڤی" و ئاژانسی هەواڵی چینی نوێ "شینخوا" رایانگەیاند، شەوی رابردوو ئاگر لە بەشە ناوخۆیی قوتابخانەی "یەنگکای" لە گوندی یانچانبۆ لە شاری نانیانگ کەوتەوە کە بەوهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەیان بەوەشکرد، تیمی ئاگرکوژێنەوە بەخێرایی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و بەرێوەبەری قوتابخانەکەشیان دەستگیرکردووە.

رۆژنامەی "زەبیبەر" دەڵێت: یەنگکای قوتابخانەیەکی ناوخۆی تایبەتە کە باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی تێدایە، راشگەیاند، زۆربەی قوتابیانی یەنگکای لە دەورووبەری ناوچەکەوە دێن، گوتیشی: ئاگرەکە لە کاتژمێر 10 شەو کەوتووەتەوە.