ئانۆ جەوهەر: هەولێر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵات و نەتەوەیەک
K24 – هەولێر
وەزیری گواستنەوەی و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەولێر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵات و نەتەوەیەک، کوردستان هەمیشە قەڵای ئاشتی و پێکەوەژیان بووە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی و گەیاندن بە کوردستان24ی گوت: "هەرێمی کوردستان هەمیشە رێزی لە دراوسێکانی گرتووە و لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆری کردووە، و هەمیشە قەڵای ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، زیاتر لە 100 ساڵە کوردستان بۆ ئازادی و سەربەستی تێدەکۆشێت".
گوتیشی: " هەولێر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵات و نەتەوەیەک، ئەو هێرشەی کە کرایە سەر هەولێر و کاک پێشڕەو دزەیی و کچەکەی و ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەیان شەهید کرد، هێرشێکی ناڕەوا بوو، کاک پێشڕەو پەیوەندی بە هیچ وڵات و دەزگایەکی بیانییەوە نەبووە، بەڵکو تەنیا بە پڕۆژەکانی خزمەتی خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستانی کردووە".
وەزیری گواستنەوە، جەختیکردەوە: "ئێمە هیچ کات نابین بە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانمان، کوردستان هەمیشە شوێنی ئاشتی و لێبوردەییە، ئێمە دوژمنی کەس نین، تەنیا بەرگری لە خاک و وڵات و ئاڵاکەمان دەکەین".