سەفین دزەیی: عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران
ئەوەی کرا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کارەساتێکە کە بۆ پەردەپۆشی تاوانەکانی لەژێر کۆمەڵێک پاساودا

K24 - هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەوەی کرا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کارەساتێکە کە بۆ پەردەپۆشی تاوانەکانی لەژێر کۆمەڵێک پاساودا. ئێران عێراقی کردووەتە گۆڕەپانی ململانێکانی.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بەداخەوەین بۆ ئەو کارەساتەی کە روویدا، چونکە ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئێران نییە، بە پێچەوانەوە ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەبووە لە دێر زەمانەوە، ئەوەی کرا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کارەساتێکە کە بۆ پەردەپۆشی تاوانەکانییەتی، کۆمەڵێک پاسا و درۆ و دەلەسە و پاساوی جۆراوجۆر دەهێنێتەوە بە دروستکردنی وێنەی فۆتۆ شۆپ و کۆمەڵێک کاری دیکە، کە ئەوە لە هەڵسوکەوتی وڵاتێک ناوەشێتەوە".
گوتیشی: "هیوادارین شتی وا دووبارە روونەداتەوە، هەرچەندە لە رابردوودا، چەندان هێرشی دیکەی لە ژێر پاساوی جۆراوجۆر کردووەتە سەر هەولێر، بەداخەوە عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران، هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک مایەی ترس نەبووە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، بەڵکو پێچەوانەوە هەمیشە دەستی هاوکاری درێژکردووە، خەڵکی هەولێریش کە خوا پێداو سەرمایەدار بوون توانیویانە پڕۆژەی ئاوەدانی دروست بکەن و کوردستان ئاوەدان بکەنەوە بە کار و پڕۆژەکانیان، پڕۆژەی ئیمپایەریش یەکێکە لە هەرە نموونە جوانەکان و باشەکانی هەرێمی کوردستان".
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.