یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ساڵی رابردوو لە تاران لەسێدارەدرا

K24 - هەولێر

دادگای یەکی تاوانەکان لە تاران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی بە سەر یەکێک لە خۆپیشاندەرەکانی ساڵی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکرد و رایگەیاندووە، کەسی لەسێدارەدراو تاوانباربووە بە کوشتنی پۆلیسێک و بریندارکردنی پێنج ئەندامی دیکەی هێزەکانی پۆلیس.

ئاژانسی هەواڵی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردووەتەوە، دادگای یەکی تاوانەکان لە تاران دوای پەسەندکردنی سزاکەی لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرە بەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی بە سەر محەمەد قوبادلو جێبەجێکرد، کە تاوانباربوو بە کوشتنی پۆلیسێک و بریندارکردنی پێنج پۆلیسی دیکە.

هەروەها ئاماژەیداوە، ساڵی رابردوو لە درێژەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکاندا، محەمەد قوبادلو بە ئۆتۆمبێلەکەی پەلاماری شەش پۆلیسی مانتۆڕسواریدابوو لەو کاتەی لە ئەرکدابوون، لە ئەنجامدا پۆلیسێک بەناوی فەرید کەریمپوور حەسەنوەند، بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداو پێنج پۆلیسی دیکە بریندارکران.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) چەند کاتژمێرێک بەر لەسێدارەنی محەمەد قوبادلو ئاماژەی بە نەخۆشی دەروونی ئەو گەنج کردبوو، راشیگەیاندووە، لە ژێر کاریگەریی ئەشکەنجەدان دانپێدانانی بەزۆر لێوەرگیراوە.

محەمەد قوبادلو لەدایکبووی ساڵی 2001ـە و باوکی یەکێکە لە بریندارانی چەکی کیمیایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران، کە تاوەکوو ئێستاش بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە گرفتارە.

هەر لە کاردانەوەکانی دژ بە لەسێدارەدانی قوبادلو، نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی، کە ئێستا لە ئێران لەزیندانە، لە پەیامێکدا ئیدانەی لەسێدارەنی محەمەد قوبادلوی کردووەو رایگەیاندووە، لەسێدارەدانی قوبادلو "تاوانە و کوشتنێکی بە ئەنقەستە لەلایەن حکومەتی ئێران"، بێدەنگبوونیش لە ئاست تاوان و کوشتن، بە خیانەت هەژمار دەکرێت.

هەروەها کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە دوا راپۆرتیدا ئاماژەیداوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دێت، بەگوێرەی ئامارەکانیش تەنیا لە مانگی رابردوودا 90 کەسی لەسێدارەداوە.

رێکخراوەکە رەخنە لە دەسەڵاتی دادوەریی رەوتی لێکۆڵینەوە یاساییەکانی دادگاکانی ئێران گرتووە و رایگەیاندووە، جێبەجێکردنی زیاتر لە 75%ی لەسێدارەدانەکان بە نهێنییە و بڵاوناکرێنەوە، بەشی زۆرینەشی بە تۆمەتی سیخوڕیی و بڵاوکردنەوەی کاری ناشەرعی سزا دەدرێن.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، ساڵی 2023 لە ئێران لانیکەم 791 هاووڵاتیی لەسێدارەدراون، لە نێویاندا دوو منداڵ و 25 ئافرەت هەبوون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەرێژەی 33% زیادی کردووە.