گردبوونەوەیەکی بەرفراوان لە دەڤەری راپەرین دژی هێرشەکەی ئێران بەرێوەدەچێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە،گردبوونەوەیەکی بەرفراوانی هاووڵاتیان رانیە لە ناوەندی ئیدارەی راپەرین دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەرێوەدەچێت.
عەلی حەسەن، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی رانیە ناوەندی ئیدارەی راپەرین بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەک هاونیشتیمانیانی دەڤەری راپەرین، دەمانەوێت بڵێینە ئێران وەک دانیشتووانی رانیە رەتی هەموو دەستدرێژییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
حەسەن، داواش لەهاووڵاتیانی رانیە دەکات بەگوڕوتینەوە بەشداری لەم گردبوونەوە نارەزایەتییە بکەن، دەشڵێت: ئەم گردبوونەوەیە نەک تەنها بۆ هێرشەکانی ئێران، بەڵکو بۆ هەر هێرشێکە کە بکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، جا لەلایەن هەر وڵاتێکەوە بێت، بۆیە ئێمە ئامادەین گیانی خۆمان ببەخشین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ماوەیەکی درێژە لە ژێر کۆمەڵکوژی و بۆمبە بارانی دوژمنانی کوردین، بەڵام کورد هەمیشە لە پێشکەوتن و بەرەو پیشچوون دایە.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.