نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم له ئیتاڵیا و ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له گرنگی کـــۆنفرانســی نوێنەرایەتییەکان ده‌كه‌نه‌وه
K24 – هەولێر:
ئه‌مڕۆ بــە ئــامادەبوونی سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بــارزانــی، لــە هـــەولێری پایتەخـــت، سێیەمین کـــۆنفرانســی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و له‌باره‌ی گرنگی كۆنفرانسه‌كه و رۆڵی نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له ده‌ره‌وه، هه‌ریه‌ك له نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مه‌ریكا و ئیتاڵیا، له‌میانه‌ی به‌شداریان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، پێیان وابوو، ئامانج له ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆنفرانسه، ئه‌نجامدانی گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كان و باشتركردنی ههماههنگییهكانه له نێوانی حكومه‌ت و ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تییه‌كان.
سه‌ره‌تا تریفه عه‌زیز نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له واشنتن رایگه‌یاند، ئامانج له به‌ستنی کـــۆنفرانســی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بوونی بیرۆكه‌یه له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاكو هه‌ماهه‌نگی باشتر له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌بێی و ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌ره‌و پێش ببه‌ین.
هه‌روه‌ها تریفه عه‌زیز راشیگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له رێگه‌ی دوو پانێڵه‌وه ئاماژه به ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان، بازرگانی و كشتوكاڵ كرا، له‌سه‌ر ئێمه‌شه ئامانج و ئه‌ركه‌كانی ئه‌و پڕۆژانه جێبه‌جێ بكه‌ین و هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانمان باشتر بكه‌ین.
گوتیشی: "په‌یوه‌ندی كورد و ئه‌مه‌ریكییه‌كان درێژخایه‌نه، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و واشنتن هه‌بووه، بوونی ئه‌مه‌ریكا و كونسوڵگهرێتییهكی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته له هه‌ولێر، په‌یامێكه بۆ بوونی ئه‌و هاوبه‌شییه".
دووپاتیشیكرده‌وه، له ریشه‌كێشكردنی تیرۆر له ناوچه‌كه، ده‌ركه‌وت به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و واشنتن هه‌یه.
تایبه‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی هێرشه‌كان بۆسه‌ر هه‌ولێر و كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، تریفه عه‌زیز ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ریكا راشكاو بووه له ئیدانه‌كردنی هه‌موو هێرشه‌كان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت هێرشه‌كه‌ی 15ـی ئه‌م مانگه‌ی سه‌ر هه‌ولێر و هه‌روه‌ها هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆریش، ئه‌مه‌ریكا به توندی ئیدانه‌یانی كرد.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه رێزان حەمە ساڵح نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، له‌میانه‌ی به‌شداریان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 رایگه‌یاند، ئێمه وه‌ك نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه، پێویسته له نزیكه‌وه ئاگاداری دۆخی كوردستان و هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌نگاوه‌كانیان بین.
هه‌روه‌ها رێزان حەمە ساڵح گوتیشی: "پێویسته له‌گه‌ڵ ته‌واوی نوێنه‌ر و نوێنه‌رایه‌تییه‌كان هه‌ماهه‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بین".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بواری ئابووری و سیاسی پێكه‌وه هاوته‌ریبی یه‌كترن، ئه‌گه‌ر بێت ئێمه له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تایبه‌تمان نه‌بێت، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌یانبێت، بڕوا ناكه‌م ئه‌و وڵاتانه بتوانن هاوكاریمان بكه‌ن.
باسی له‌وه‌شكرد، په‌یامه‌كانی ئێمه ته‌نیا بۆ ئیتاڵیا نییه، بۆ ڤاتیكانیشه، بۆیه ده‌بیندرێت قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان هه‌میشه ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه ئه‌وه ده‌بینن كه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی ئایینه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، ڤاتیكان نایه‌وێت ئه‌و ناوچه‌یه له‌ناو بچێت.
دووپاتیشیكرده‌وه، پاڵپشتییه‌كانی ئیتاڵیا هه‌میشه به‌رده‌وامه و سه‌ربازه‌كانیان لێره‌ن و مه‌شق به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه ڤاتیكان پاڵپشتی به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، بۆیه بوونی ئه‌وان له كوردستان پاڵپشتییه.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئایینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و دۆخی ناوچه‌كه و كاریگه‌ری ئیتاڵیا و وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌ڵێت: "وڵاتانی ئه‌وروپا یه‌ك سیسته‌م و ئاراسته‌یان هه‌یه، خۆتان ده‌زانن ده‌ستێوه‌ردان له هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه بوونی هه‌یه، به گوێره‌ی پێویست ئیتاڵیا و وڵاتانی ئه‌وروپی هه‌وڵده‌ده‌ن دۆخه‌كه ئارام بكه‌نه‌وه".