خۆپیشاندەرێکی بەساڵاچوو: چەندین شۆڕشمان کردووە و ئێستاش نابەزین
K24 - هەولێر
هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی دانیشتووی چەمچەماڵ بە ئاڵای کوردستانەوە لە نێو خۆپیشاندانەکەی پایتەختی شەهیدان هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر شەرمەزارکرد و بۆ کوردستان24 گوتی؛ "ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتمان تێکبدەن خوا بیانشکێنێت، ئێمە چەندین شۆڕشمان کردووە و ئێستاش نابەزین، داوای خۆشگوزەرانی خۆمان دەکەین، هیچ شتێکمان لە خەڵک داوا نەکردووە، کەچی ئەوە خەڵکە شەڕ بە کورد دەفرۆشێت و منداڵمان دەکوژێت".
لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدانە و شەرمەزارکردنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە شەوی دووشەممە 15ی ئەم مانگە بۆ سەر هەولێر، کە ماڵی گەورە بازرگانی کورد، پێشڕەو دزەیی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار شەهید و شەش برینداری سڤیلی لێکەوتەوە، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.
بۆ دووەم هەفتەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردی لە هەندەران، خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشەی ئێران بەردەوامە.
بۆ خستنەڕووی راستییەکان و ئەو بانگەشەیەی ئێران دەیکرد، گوایە بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر کردووەتە ئامانج. قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بوو، دوای بەسەرکردنەوەی بریندارەکان و سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە، رایگەیاند، ئەو شوێنەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە و بوونی بنکەی ئیسرائیلی دوورە لە راستی.
هەروەها رۆژی یەکشەممە (21ی کانوونی دووەمی 2024)، لیژنەکانی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق هاتنە هەولێر و سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە و بانگەشە و پاساوەکانی ئێرانیان رەتکردەوەو عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 گوتی؛ "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە، کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".