یوسف شوانی: ئێران لە چەندین رێگەوە هێرش دەکاتە سەر هەولێر
K24 - هەولێر
بەرپرسی لقی 19ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەمچەماڵ رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر یەکەمجار نییە، بەڵکو لە چەندین رێگەوە چەندان جار هێرشی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، یوسف ئەنوەر شوانی، بەرپرسی لقی 19ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەمچەماڵ، لەمیانەی گەشتێكی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەمیشە چەمچەماڵ سەلماندوویەتی کەسانێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەرن، دانیشتوانی چەمچەماڵ کەسانێکن ئازارێکی زۆریان بینیووە بەدەست رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و ناوچەکە، هەر بۆیە هەڵوێستی کوردانە و مەردانەیان دەربڕی و دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی ستەم دیدەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دژی ئەو مووشەکانەی کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە کراوەتە سەر هەولێر، کە پایتەختی پێکەوەژیان و برایەتی و تەباییە، نەک چەقی ململانێکان.
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە لە هەرێمی کوردستان، فاکتەری ئاشتی و برایەتی بین، بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێ هەروەک لە رابردوو ویستوویانە ئەنفالمان و کیمیا بارانمان بکەن، پایتەختی شەهید و ئەنفال ئەمڕۆ هەڵوێستی وەرگرت دژی ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەولێر".
بەگوتەی یوسف شوانی: "ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەولێر یەکەمجار نییە، بەڵکو بەردەوام لە رێگەی هێزەسیاسییەکان و ئەوانەی کە لایەنگری ئێرانن بەردەوام دەکرێت، لە یەمەن بە حوسییەکان و لە لوبنان بە حزبوڵڵا، لە عێراقیش بە میلیشیاکانی".
راشیگەیاند، ئێران خەڵکەکەی خۆی چەوساندووەتەوە، لەجێگەی ئەوەی کێشەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات، هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات، کە دەیەوێت بنەمای ئابووری کوردستان لەناو بەرێت، بە هێرشکردنە سەر وەبەرهێنەرەکانی کوردستان و بە پاساوی جۆراوجۆر.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، کاتژمێر 10:00، خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی چەمچەماڵ، لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.
