پوتن بۆ جاری پێنجەم خۆی بۆ سەرۆکایەتی رووسیا کاندیدکردەوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی رووسیا پەسەندکردنی کاندیدبوونی ڤلادیمێر پوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا راگەیاند، دوای ئەوەی وەک کاندیدی سەربەخۆ توانی نزیکەی 315 هەزار واژۆی هاووڵاتییان پێشکەش بکات.

رۆژی (29ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن وەک کاندیدێکی سەربەخۆ خۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کاندیدکردووە، دوای ئەوەی توانی نزیکەی 315 هەزار واژۆی هاووڵاتییان بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدبوونی لە سەرتاسەری رووسیا کۆکردەوە.

ماڵپەڕی مۆسکۆ تایمز بڵاویکردووەتەوە، رێژەی 0.15%ـی واژۆ کۆکراوەکانی پوتن بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بە پوچەڵ هەژمارکراون بەڵام بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان لە رووسیا، هەر کاندیدێک بەشێوەی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی رووسیا کاندید بکات، پێویستە 300 هەزار واژۆ کۆبکاتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئیلا پامفیلۆڤا، کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، هەموو رێکارەکانی خۆتۆمارکردن تەواوبووە و ڤلادیمێر پوتن بۆ پێنجەمین خول، وەک کاندیدی سەربەخۆ بۆ هەڵبژادنی سەرۆکایەتی رووسیا بەکۆی دەنگ لەلایەن کۆمیسیۆنەکەیانەوە پەسەندکراوە.

بەگوێرەی گۆڕانکارییە دەستوورییەکان، ڤلادیمێر پوتن بۆ پێنجەم و شەشەم خولیش مافی خۆکاندیدکردنەوەی هەیە و لەسەر کورسی سەرۆکایەتی کۆماری رووسیا لە کۆشکی کرملن بمێنێتەوە.

ڤلادیمێر پوتن لە ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار بووە سەرۆکی رووسیا و لە ساڵی 2008 لە کۆتایی خولی دووەمی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی پۆستەکەی بۆ دیمتری میدڤێدێڤ، سەرۆکوەزیرانی ئەوسای وڵاتەکەی جێهێشت و لە ساڵی 2012، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی رووسیا و بۆ دوو خولی دیکە تاوەکو ئێستا لە پۆستەکەی ماوەتەوە.

ڤلادیمێر پوتن دەبێتە چوارەم کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کە تاوەکو ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رەزامەندی فەرمی وەرگرتووە لە کۆی 11 کاندید کە وابڕیار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا لە (15 بۆ 17ـی ئاداری 2024) بەڕێوەبچێت و 31ـی ئەم مانگەش پرۆسەی پێشکەشکردنی واژۆ بۆ خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی رووسیا کۆتاییدێت.

تاوەکو ئێستا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، هەریەکە لە لیۆنید سلوتسکی، سەرۆکی پارتی لیبڕالی دیموکراتی و ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ، لە پارتی خەڵکی نوێ و نیکۆڵای خاریتۆنۆڤ لە پارتی شیوعی رووسی کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی رووسیا دەکەن.

دوای ئەوەی لە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) ڤلادیمێر پوتن خۆکاندیدکردنەوەی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، رۆژی (13ـی کانوونی دووەمی 2024) دیمتری مێدڤێدیڤ، سەرۆکی پارتی یەکگرتووی رووسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە بەردەم ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی لە بارەگای سەرەکی پارتەکە لە مۆسکۆ، بە فەرمی پشتگیری پارتەکەی بۆ ڤلادیمێر پوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا راگەیاند کە لە پەرلەمانی رووسیا لە کۆی 450 کورسی خاوەنی 324 کورسییە.

ڤلادیمێر پوتن تەمەنی 71 ساڵە و لە دوای ستالینەوە، درێژترین ماوە سەرۆکایەتی رووسیای کردووە و دوای تەواوکردنی چوار خولی سەرۆکایەتی، لە ساڵی 2020 دەستووری وڵاتەکەی هەموارکردەوە، بەجۆرێک بتوانێت بۆ دوو گەڕی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا، خۆی کاندید بکاتەوە و بەو گۆڕانکارییانەش، پوتن دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2036 وەک سەرۆکی رووسیا بمێنێتەوە.

هەرچەندە بەگوێرەی راپرسییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، جارێکی دیکە ڤلادیمێر پوتن دەتوانێت جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و لە سەرۆکایەتی رووسیا بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە راپرسییەکان پێشبینی دەکەن رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە ئاستێکی لاواز بێت و هۆکاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش بۆ ماوەی سێ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتە، بۆ هۆکاری بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشداریکردن لاواز بێت، بەهۆی نەبوونی کاندیدێکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنە بۆ رکابەریکردنی پوتن، ئەویش دوای ئەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا تووشی گورزێکی توند بوونەوە بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەلێکسی ناڤالنی کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لە (17ـی کانوونی دووەمیب 2021)ـەوە دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی دروستکردنی کۆمەڵەی توندڕەویی و دژایەتیکردنی سیستمی گشتی بۆ ماوەی 19 ساڵ حوکمی زیندانیکردنی بۆ بڕاوەتەوە.

هاوکات بەگوێرەی ئامارەکان، لە نێوان 20 بۆ 30 ملیۆن هاووڵاتی رووسی کە زۆرینەیان هاوڕای سیاسەتی ئێستای مۆسکۆ بە سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتن نین لە دەرەوەی وڵات دەژین و بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ناکەن تاوەکو کاریگەرییان لەسەر رێژەی دەنگەکانی رکابەرەکانی پوتن هەبێت، هەروەها لەوەتی جەنگی ئۆکرانیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، زیاتر لە ملیۆنێک رووسی وڵاتەکەیان جێهێشتووە.