میدیاکانی ئەمەریکا: بەرێوەبەری CIA بۆ نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس دەچێتە میسر

K24 - هەولێر

میدیاکانی ئەمەریکا لە سەرچاوەکانی ئیدارەی ئەمەریکاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی" لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی قاهیرە دەکات بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، "بەڕێوەبەری سی ئای ئەی رۆژی سێشەممەی داهاتوو سەردانی قاهیرە دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی میسر و قەتەر سەبارەت بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و بارمتەکان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە محەمەد عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر و دەیڤید بارنی بەڕێوەبەری هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلیش بەشداری بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، پێشنیارەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە و بە ساختە وەسفی کرد و پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە "هیچ بەدیلێک بۆ سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر حەماسدا نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە، کە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر شاری رەفەح چڕتر کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، پشتیوانی لە هیچ هێرشێکی زەمینی لە رەفەح ناکات، هۆشداریشیدا لەوەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە ئەگەر بە باشی پلانی بۆ دانەنرێت، ئەگەری هەیە ببێتە کارەسات.