فەرماندەی سێنتکۆم بۆ تاوتوێکردنی سێ پرس سەردانی سێ وڵاتی عەرەبی کرد
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئوردن، سعوودیە و بەحرەینی کرد. هێرشی حووسییەکان، ئاسایشی سنوورەکان و رێککەتنە ئەمنییەکان تەوەری کۆبوونەوەکان بوون.
فەرماندەیی ناوەندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی 29-01-2024 بۆ 01-02-2024، جەنەڕاڵ مایکل ئێریک کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئوردن، سعوودییە و بەحرەینی کردووە و، لەگەڵ "هاوبەشە سەرەکییەکان"ـی ئەمەریکا کۆبووەتەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی جەنەرال مایکل کورێلا لە ئوردن؛ لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، فەرماندەی سێنتکۆم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جەنەڕاڵ یوسف ئەلحونەیتی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئوردن و سەرکردە سەرەکییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، "ئاسایشی سنوور و بارودۆخی ئەمنیی ئێستای ناوچەکە" تاوتوێکردووە.
دوای ئوردن فەرماندەی سێنتکۆم چووەتە سعوودیە. لەوێ لەگەڵ لیوا فەیاز بن حەمید ئەلروەیلی، سەرۆک ئەرکانی گشتی سعوودییە و سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و، گفتوگۆیان لەسەر "نیگەرانی هاوبەش سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان لە ناوچەی دەریای سوور و دەرفەتە بەردەوامەکان بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە سەرانسەری وڵات لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی هاوبەشە ئەمنییەکان" کردووە.
کورێلا لە کۆتایی گەشتەکەیدا چووەتە بەحرەین و، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی بەحرەین، خەلیفە بن ئەحمەد ئال خەلیفە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی "جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەمەلایەنەی یەکگرتنی ئاسایش". فەرماندەکەی سێنتکۆم سوپاسی بەرپرسانی بەحرەینی کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لە هەوڵەکانیان "بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی لە دەریای سووردا".
هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا
ئەم سەردانانە لە کاتێکدان؛ حووسییەکانی یەمەن لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو ئێستا دەیان جار هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور.
هاوکات، لەوەتەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. رۆژی 28-01-2024، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی "تاوەر – 22"ـی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی سنووری (ئوردن-عێراق-سووریا) بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە 40ـی دیکە برینداربوون.
وەڵامەکانی ئەمەریکا
ئەمەریکا لە تۆڵەی کوژرانی سەربازەکانی؛ رۆژی 02-02-2024، بە 185 مووشەک هێرشی کردە سەر 85 بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە نێو و عێراق و سووریا. بەهۆیەوە زیاتر لە 30 چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.
ئەمەریکا بەوە نەوەستا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 07-02-2024، نزیکەی کاتژمێر 09:30، لە رێگەی سێ مووشەکەوە ئۆتۆمبێلێکی لە ناوەندی بەغدای پایتەختی عێراقی کردە ئامانج کە سێ فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی تێیدا بوون و بەهۆیەوە هەرسێکیان کوژران. دواتر سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەو هێرشەدا کەسێکیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بووە لە هێرشەکانی سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.