لێدوانێکی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێش هێرشەکەی تاوەر22ـی ئوردن ئاشکرا دەکرێت
K24 - هەولێر
زیاتر لە مانگێک پێش هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن، لوید ئۆستن هەوڵیدا هێزەکانی ئەمەریکا دڵنیا بکاتەوە لە توانای سوپای وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی "هێرشەکانی چەکدارە بێتواناکانی سەر بە ئێران".
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، پێشتر بە تیمی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "جیراڵد ئاڕ فۆرد" راگەیاندبوو، هۆکاری سەرەکی پشت شکستی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "لێهاتوویی پێویستیان نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەوکارانەی دەیکەن".
ئۆستن بە تیمی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی گوتووە: "رۆژانە بریکارەکانی ئێران تەقە لە هێزەکانمان دەکەن کە لە عێراق و سووریا جێگیرکراون، ئەوان بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نەبوون لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە لێهاتوویییان نییە لە جێبەجێکردنی ئەو کارانەی کە دەیکەن، هۆکارەکەی دیکە ئەوەیە کە سوپای ئەمەریکا زۆری کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی پارێزگاریی لە سەربازەکانی دەکات".
دوابەدوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، ئیدارەی جۆو بایدن بەڵێنی دا هەموو شتێکی پێویست بکات بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە تەشەنەکردنی توندوتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا دەڵێن، رەنگە سەرکەوتنی چەکداران جار جارە لە ئەنجامدانی هێرشەکاندا ئەستەم نەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەک کە ئاراستەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکرێن، بەڵام ئەوە راستییە کە ناتوانن بە تەواوی و 100% کاریگەر بن.
چارڵز لیستەر، لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بنکەکەی لە واشنتنە رایگەیاند: ئەم گرووپانە هێرشی ئاڵۆزی سنوور بەزێنییان ئەنجام داوە و مێژووی کوشتنی هێزەکانی ئەمەریکایان هەیە، نابێت بەکەم سەیر بکرێن.
بەڵام سەرکردەکانی ئەمەریکا مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە نیشاندانی رووخسارێکی ئازا بە هێزەکانیان.
تا 7ـی شوبات، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و ئوردن زیاتر لە 168 جار هێرشیان کراوەتە سەر لەدوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم هێرشانە بووە هۆی برینداربوونی 143 سەربازی ئەمەریکی کە 11 سەرباز بە سەختی بریندار بوون و سێ دیکەش لە ئوردن کوژران.
لە 28ـی کانوونی دووەم، گروپە چەکدارەکان هێرشێکیان بۆ سەر تاوەر 22 ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکا.