رێزان حەمەساڵح: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە

رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا
رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک هێرشی مووشەکی کرایە سەر هەولێر پاپای ڤاتیکان بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی کرد و جەختیشی لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان کردەوە.

رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24، کە سەهێن موفتی پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤاتیکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لە سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا سەردانی پاپای ڤاتیکانیان کردووە، هاوکات پاپا خۆی هەمیشە داوای دیداریانی کردووە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، دەڵێت: لە شەوی هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر هەولێر، پاپای ڤاتیکان بە توندی ئیدانەی کرد و هیواشی خواست بریندارەکان بە زووترین کات چاک ببنەوە.

رێزان حەمەساڵح، گوتیشی: پاپا جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت سەقامگیری لە عێراق بەرقەرار بێت بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، باسی لەوەکرد، ئەگەر لۆبی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا نەبووایە، نەماندەتوانی کارەکان بگەینینە ئەمڕۆ.

رێزان حەمەساڵح، لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە گوتی: ناوی و رۆڵی پێشمەرگە لە سەر ئاستی جیهان زۆر بە گەورەیی باسی لێوەکراوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوەدا، "وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە گۆڤارێک دەردەکەین و تێیدا بە زمانی ئیتاڵی باس لە سیاستی و کولتووری هەرێمەکەمان دەکەین".