کشتوکاڵی هەولێر: ئەمساڵ پەڵەی داوە و جووتیاران دەتوانن دەست بە کێڵان بکەن
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، بارانبارینی ئەم دواییە سەرەڕای دروستکردنی لافاو و زیان لە سەنتەری شار، بۆ کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران زۆر بەسوود و دڵخۆشکەر بووە و زەمینەیەکی لەباری بۆ کێڵانی زەوییەکان رەخساندووە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بارانبارینەکەی دوێنێ شەو پێچەوانەی ئەو زەرەر و زیانانەی لە سەنتەری شاری هەولێر بەسەر هاووڵاتیاندا هێنا، بۆ کەرتی کشتوکاڵ دڵخۆشکەر بوو. روونیشیکردەوە، لە دەرەوەی سنووری سەنتەری شار، زەرەر و زیانەکان بەراورد بە ناو شار زۆر کەم بوون و حاڵەتەکان زۆر سنووردارن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی: بارانبارینەکە بە شێوەیەکی گشتی بووەتە بنەمایەکی زۆر باش بۆ کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکان؛ بەگویرەی پێوەرەکان، ئەگەر لە وەرزی پاییزدا و لە ماوەی 24 کاتژمێردا رێژەی باران لە 30ملم زیاتر بێت، دەبێتە زەمینەیەکی گونجاو تا جووتیار بەبێ دوودڵی دەست بە کێڵانی زەوییەکەی بکات.
سەبارەت بە زیانی جووتیاران و ئاژەڵداران، هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە دا، تەنیا چەند حاڵەتێکی کەم لە نێو ئاژەڵداران زیانیان پێگەیشتووە و زیانەکان بەو ئاستە نەبوون کە لە سەنتەری شار تۆمار کراون.
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانیش، هێمن سەید موراد ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی پارێزگای هەولێر ئەنجام دراوە و لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ سەرژمێریکردنی سەرجەم زیانەکان، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارە و قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی گرفتەکانی ئەو کەسانەی لە لافاو و بارانەکەدا زەرەرمەند بوون.