چەندین تەقینەوە وێستگەی زاپۆریژیا دەهەژێنن و هۆشداری لە روودانی کارەسات دەدرێت

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا - ئۆکرانیا
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا - ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دوو ساڵ بە سەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکە بەهۆی چەندین تەقینەوە بە درێژایی هەفتەی رابردوو لە نزیک وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری لە کارەساتێکی گەورە دەدات و داوا لە هێزەکانی ئۆکرانیا و رووسیا دەکات دانبەخۆیاندا بگرن.

رافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێ؛ لەلایەن پشکنەرانی ئاژانسەکەیەوە زانیاری پێدراوە لە سەر بیستنی چەندین تەقینەوەی رۆژانە بە درێژایی هەفتەی رابردوو لە دەورووبەری وێستگەی زاپۆریژیا، لە نێویاندا درەنگانی دوێنێ هەینی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک وێستگە روویداوەو بەهۆیەوە دەرگا و پەنجەرەکان هەژاون.

گرۆسی ئاماژەیداوە، بە گوێرەی راپۆرتی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دوور نییە شەڕو پێکدادان لە نزیک وێستگەکە رووبداتەوە، بۆیە مەترسی کارەسات دەکرێت و پێویستە هێزەکانی رووسیا و ئۆکرانیا دانبەخۆیاندا بگرن و لە شەڕو پێکدادان لە دەوروبەری وێستگەکە خۆیان بەدوور بگرن.

لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسانی وێستگەکە رەتیانکردووەتەوە، هیچ هێرشێک کرابێتە سەر وێستگەکە و ئەو دەنگانەی بیستراون تەنیا مەشق و را‌هێنان بوون.

دوای ئەوەی سوپای رووسیا لە (24ی شوباتی 2022) هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێکرد، لە ئاداری هەمانساڵدا سوپای رووسیا وێستگەی زاپۆریژیای کۆنترۆڵکردن، گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئاستی ئەورورپا، بەڵام بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان و مەترسی روودانی کارەسا، لە ئەیلوولی 2022ـەوە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە وێستگەکە جێگیرکراون و بەهۆی شەڕەوە شەش لە کورە ئەتۆمییەکان لە بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراون، کە بڕی 20% کارەبای ئۆکرانیایان دابین دەکرد.