رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید پێشڕەو دزەیی بەڕێوەدەچێت

رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید پێشڕەو دزەیی بەڕێوەدەچێت
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید پێشڕەو دزەیی بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید پێشڕەو دزەیی و ژینەی کچی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت. لە رێوڕەسمەکەدا پێشانگەیەکی وێنەییش کراوەتەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی؛ رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی لە شاری هەولێر؛ بە بەشداریی کەسوکارەکانیان و بەرپرسانی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

هەر لە میانی رێوڕەسمەکەدا کە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت؛ پێشانگەیەکی وێنەیی کراوەتەوە و، وێنەی شەهید پێشڕەو دزەیی، ژینای کچی، شوێنی بۆردوومانەکە و چەند هێما و سیمبولی دیکەی تێیدا نمایشکراون.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە،15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستان بوو؛ کردە ئامانج.

بەهۆی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران؛ پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی، بازرگانێکی عێراقی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر  لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی توندی نەرێنی لێکەوتەوە. حکومەتی عێراقیش هەر چەندە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد، بەڵام سکاڵاکەی بێ ئەنجام بوو.

 

 

Fly Erbil Advertisment