سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گەیشتە کیێڤ

جەستن ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا - کیێڤ پایتەختی ئۆکرانیا - ئەرشیف
جەستن ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا - کیێڤ پایتەختی ئۆکرانیا - ئەرشیف

K24 - هەولێر

لە دووەم ساڵیادی جەنگی ئۆکرانیا، جەستن ترۆدو سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

ئۆلیکسەندەر شیڤچینکۆ، گوتەبێژ هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسنی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بە سەردانێک گەیشتووەتە کیێڤ، بە مەبەستی بەشداریکردن لە دووەمین ساڵیادی جەنگ.

 شیڤچینکۆ وێنەیەکی ترۆدۆی لە وێستگەی شەمەندەفەری کیێڤ گرتووە و لەگەڵ هەواڵی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە.

لە دوای ئایاری 2022 ئەمە دوومین سەردانی سەرۆکوەزیرانی کەنەدایە بۆ کیێڤ، وەک بەردەوامبوونی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە دژی رووسیا.

حکومەتی کەنەدا یەكێکە لە هاوپەیمان و پشتیوانە سەرسەختەکانی ئۆکرانیا لە جەنگی دژ بە رووسیا، لە دوای هێرشەکانی سوپای رووسیا لە (24ی شوباتی 2022) کەنەدا چەندین پاکێج هاوکاریی دارایی و سەربازیی و مرۆیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە،

دوایین هاوکارییەکانی تۆتاوا بۆ کیێڤ دەگەڕێتەوە بۆ (22ی ئەیلوولی 2023)، ئەو کاتەی ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە یەکەمین سەردانیدا بۆ کەنەدا لە دوای هێرشەکانی رووسیا، ترۆدۆ لە کاتی پێشوازیکردنی لە زێلێنسکی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، کەنەدا پاکێجێکی نوێی هاوکاری بە بەهای 482 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی سوپای رووسیا.

هەروەها رایگەیاندبوو، هاوکارییەکان بە سەر سێ ساڵی لەدوای یەک دابەش دەکرێن، کە پێدانی نزیکەی 50 تانک و مەشقپێکردنی ئەفسەرانی ئۆکرانی لە سەر فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 دەگرێتەوە.

لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تاوەکوو ئێستا، کەنەدا بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار هاوکاری کیێڤی کردووە.