سەرکردە ئەوروپییەکان بۆ پشتیوانی ئۆکرانیا لە کۆشکی ئێلیزێ کۆدەبنەوە

K24 – هەولێر
نزیکەی 20 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان، کە زۆرینەیان ئەوروپیین ئەمڕۆ دووشەممە (26ی شوباتی 2024) لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ بۆ پشتیوانیی و هاوکاریکردنی ئۆکرانیا لە جەنگی رووسیا کۆدەبنەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی ئێلیزێ لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گوتارێک پێشکەش بکات و بە هاوپەیمانەکانی رابگەیەنێت، سەرکەوتن و شکستی ئۆکرانیا پەیوەستە بە پشتیوانییەکانی ئێوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بەشدار دەبن، لە نێویاندا ئۆلاڤ شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئەندریە دودا، سەرۆکی پۆڵەندا و سەرۆک و وەزیرانی نزیکەی 15 وڵاتی دیکە یەکێتییەکە و نوێنەرانی هەر یەک لە ئەمەریکا، کەنەدا و دیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئامادە دەبن.
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە رێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) هۆشداری بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا داوەو رایگەیاندووە، "پشتیوانییەکانی فەرەنسا بۆ ئۆکرانیا لە کورتی نادات و باشتروایە رووسیاش بە سەرۆکایەتی پوتن وا نەزانێت ئەوروپییەکان لە پشتیوانی ئۆکرانیا ماندوو دەبن".
ماکرۆن لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا داوای گەلەکۆمەی ئەوروپییەکان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووسیا، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستاش کۆنگرێس رێگری لە پشتیوانییە گرنگ و کاریگەرییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات، جیا لەمەش پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و ئەگەری گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی نیگەرانییەکانی یەکێتی ئەوروپای زیاتر کردووە.
بڕیارە تەوەرێکی گفتووگۆکانی ئەمڕۆی کۆشکی ئێلیزێ، مەترسی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا بن بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا.
ئامانجی فەرنسا لە رێکخستنی کۆبوونەوەی سەرکردە ئەوروپییەکان و هاوپەیمانەکانی بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی تەواوی ئەگەرەکانی بۆ زیاتر پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی کاراتر، چونکە بەگوێرەی بەشێک لە زانیارییە هەواڵگرییەکان، دوای دوو ساڵ لە جەنگ ئێستا سوپای ئۆکرانیا بە هۆی کەمی چەک و تەقەمەنییەوە لە دۆخێکی خراپ و شەکەت بەرەنگاری سوپای رووسیا دەبێتەوە.
بڕیاریشە لە پاڵ پرسی زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سوپای ئۆکرانیا، پرسی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیاش لە دوای جەنگ بخرێتە بەر باس، بۆ ئەمەش ماکرۆن دەڵی؛ پەیامێکی روون ئاراستەی پوتن دەکەین، کە لە ئۆکرانیا سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئێمە شکست ناهێنین و خۆمان رادەست ناکەین، بۆیە رووسیا بە هیچ شێوەیەک لە ئۆکرانیا سەرکەوتوو نابێت".
لە هەفتەکانی رابردوو وڵاتانی پشتیوانی ئۆکرانیا لە جەنگی رووسیا، رێککەوتنێکی ئەمنیان لەگەڵ ئۆکرنیا کرد، لە نێویادا فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بە بەهای 28 ملیار یورۆ هاوکاری سەربازی پێشکەشی کیێڤ بکەن، بەڵام کۆنگرێسی ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا رێگرە لە تێپەڕاندنی یاسایەکی هاوکاری سەربازی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا کە قەبارەکەی 60 ملیار دۆلارە.
هەروەها حکومەتی بەریتانیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە بەهای 245 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 311 ملیۆن دۆلار) پاکێجیکی دیکەی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی گوتارێکی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بڵاویکردووەتەوەو ئاماژەیداوە، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر توندبن لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامانانەی رووسیا، کە دوای لەشکرکێشی سەرتاسەری بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا بلۆککراوە.
سوناک گوتوویەتی: "دەبێت بوێرتر بین لە لێدانی ئابووری جەنگی رووسیا لە دەستبەسەرداگرتنی سەدان ملیار لە سەروەت و سامانی بەستووی رووسیا".
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا، ژاپۆن و کەنەدا لە ساڵی 2022 دوای هێرشەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نزیکەی 300 ملیار دۆلار سەروەت و سامانی بانکی ناوەندی رووسیایان بلۆککردوو.