ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی کوردستانێکی سەقامگیر دووپاتدەکاتەوە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سیاسەت لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە میانەی کۆبوونەوەکەشدا جەخت لە پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمەریکا بۆ بەردەوامیی هاوبەشییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساشا بەیکەر، جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سیاسەت پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمەریکا بۆ بەردەوامیی هاوبەشییەکان لەگەڵ خەڵکی عێراق، لە نێویشیاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو کوردستانێکی ئاسایش و سەقامگیر لە نێو عێراقێکی سەرەوهر دەکرێتەوە.
بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 12 بە کاتی هەولێر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سیاسەت کۆببێتەوە و چەندین پرسی تایبەت بە ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە هاوشان لەگەڵ هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.