ئەمریکا کەناڵە داراییەکانی ئێران لە کەنەدا دادەخات

 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر 8 کۆمپانیای خزمەتگوزاری دارایی و حەواڵەکردنی پارەدا سەپاند، بنکەکەیان لە کەنەدایە. وەزارەتەکە ئەو کۆمپانیایانەی بە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی پارە بۆ ئێران و لەو وڵاتەوە تۆمەتبار کردووە و رایگەیاند، ئەو لایەنانە یارمەتی رژێمی ئێران و ئەو قەوارانە دەدەن، لەژێر سزادان و بەهۆی چالاکییە نایاساییەکانیانەوە سامانیان لە سنوورەکانەوە تێپەڕاندووە.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی گەنجینە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، کۆمپانیاکان ئاسانکاری بۆ گۆڕینی ریاڵی ئێرانی و دراوەکانی دیکە بۆ سەروەت و سامانی دیجیتاڵی دەکەن. ئەو رێکارە رێگە بە ئەنجامدانی مامەڵەی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ئێران دەدات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە مامەڵەیان لەگەڵ سەکۆکانی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی ئێران کردووە، لەژێر سزادان، هەروەها مامەڵەیان لەگەڵ ناونیشانی دیجیتاڵی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامداوە.

سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "کەنەدا نابێت ببێتە مەنزڵگەی ئارام بۆ ئەو لایەنە داراییە نایاساییانەی خزمەتگوزارییەکانی خۆدزینەوە لە سزاکان بۆ رژێمی ئێران و بریکارەکانی پێشکەش دەکەن". بیسنت جەختیکردەوە، وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و پەکخستنی کەناڵە داراییەکانی ئێران لە هەر شوێنێکی جیهاندا.

بیسنت روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی "مەتروکی ئابووری"دایە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئابی رابردوودا دەستیپێکردووە. ئامانجی ئەم پرۆسەیە بڕینی ئەو دەمارە داراییانەیە کە پاڵپشتی رژێمی ئێران و سوپای پاسداران دەکەن، لەوانەش بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ تێپەڕاندنی سزاکان.

سزا نوێیەکان تەواوکەری ئەو رێوشوێنانەن کە پێشتر سەکۆکانی ئاڵوگۆڕی ئێرانییان کردە ئامانج. لەو سەکۆیانە دەتوانین ناوی نوبیتکس، والکس، بێت بێن و رامزینکس لە 2ـی حوزەیرانی 2026، هەروەها سەکۆکانی ئابان تەتەر و شەلبهت لە 7ـی ئابی 2026 بکەین، بەهۆی گواستنەوەی سامانی دیجیتاڵی بۆ سوپای پاسداران سزا درابوون.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو رێوشوێنە بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی ئەمریکا (FinCEN)، یەکەی هەواڵگری دارایی کەنەدا (FINTRAC) و ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمریکا (DEA) ئەنجامدراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەکارهێنانی نایاسایی سامانە دیجیتاڵییەکان لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکاندا.

وەزارەتی گەنجینە ئاشکرایکرد، ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئامانجکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵ بازرگانی ماددە هۆشبەرە کەنەدی راین وێدینگ کردووە. ناوی ئەو بازرگانە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە و کۆمپانیای حەواڵەکردنی پارەی لە ڤانکۆڤەر و تۆرۆنتۆ بەکارهێناوە بۆ سپیکردنەوەی ملیاران دۆلار لە داهاتی ماددە هۆشبەرەکان، ئەوەش لە رێگەی رادەستکردنی پارە بە کاش، گۆڕینی بۆ سامانی دیجیتاڵی و ناردنی بۆ دەرەوە.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، وێدینگ لە کانوونی دووەمی 2026 دەستگیرکراوە. بەر لەوەی بخرێتە ژێر چاودێری ئەمریکاوە، ئەو بازرگانە مامەڵەی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی سزادراو کردووە بۆ گواستنەوەی سامانی دیجیتاڵی بە بەهای ملیۆنان دۆلار. لە کۆتاییدا وەزارەتی گەنجینە جەختیکردەوە، ئەو کۆمپانیایانە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری 13902 کراونەتە ئامانج، سزای بەسەر کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری ئێراندا دەسەپێنێت، لەوانەش کەرتی سامانە دیجیتاڵییەکان.