کایا کالاس: ناتۆ هەڕەشە نییە بۆ سەر رووسیا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بۆ راگرتنی جەنگ پێویستە سەرجەم گوشارە نێودەوڵەتییەکان بخرێنە سەر لایەنی دەستدرێژیکار نەک ئۆکرانیا، هاوکات ئاشکرای کرد کە سوپای رووسیا لە مەیدانی جەنگدا چەقیوە و تەنیا لە مانگی رابردوودا 54 هەزار سەربازی کوژراون و بریندار بوون.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا لەگەڵ رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا و ئەندریی سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، رەخنەی لە شێوازی گوشارەکان گرت و گوتی: تا ئێستا هەموو گوشارەکان لەسەر ئۆکرانیا بوون، ئەمەش نادروستە، لەبەر ئەوەی لەم جەنگەدا دەستدرێژیکارێکمان هەیە و قوربانییەکمان هەیە. بۆ راگرتنی شەڕەکەش، پێویستە گوشارەکان راستەوخۆ بخرێنە سەر دەستدرێژیکارەکە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەنگۆی مەترسییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆی بۆ سەر مۆسکۆ رەتکردەوە و جەختی کردەوە: ناتۆ لە ساڵی 2021 هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر رووسیا دروست نەکردبوو، ئێستاش هیچ هەڕەشەیەک لەلایەن ناتۆوە بۆ سەر رووسیا نییە. لە پاڵ ئەمەشدا، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا مافی ڤیتۆی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا نییە."

سەبارەت بە رەوشی مەیدانیی بەرەکانی جەنگ، کایا کالاس سەرنجی خستە سەر زیانە مرۆییەکانی مۆسکۆ و رایگەیاند: لە مەیدانی جەنگدا رووسیا چەقیوە؛ ژمارەیەکی پێوانەیی کە 54 هەزار سەربازی رووسییە تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا کوژراون یان بریندار بوون. ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار زۆر و شۆکهێنەرە، کە نزیکەی هاوتای تەواوی توانای جێکردنەوەی یاریگەی نیشتمانیی وارشۆیە.

کایا کالاس هۆشداریی دایە سەرکردایەتیی رووسیا و گوتی: بە دڵنیاییەوە رووسیا ناتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار و درێژخایەن، بەرگەی زیانێکی لەم شێوەیە و لەسەر ئەم ئاستە گەورەیە بگرێت.