سوپای ئەمەریکا نقومبوونی کەشتی روبیماری پشتڕاستکردەوە

K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) هەواڵی تەواو نقومبوونی کەشتی روبیماری بەریتانی لە دەریای سوور پشتڕاستکردەوەو راگەیاند، کەشتییەکە بە بارێکی 21 هەزار تۆن لە ماددەی کیمیایی کبریتی فۆسفاتی ئەمۆنیۆم نقومی دەریای سوور بووە، ئەمەش کارەساتێکی ژینگەیی لە دەریاکە دروست دەکات.
سێنتکۆم بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (3ی ئاداری 2024) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، کەشتی روبیمار دوای ئەوەی لە 18ی مانگی رابردوو بە ئاڵای بلیز لەلایەن چەکدارە حوسییەکانی یەمەن بە مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج، کاتژمێر 2:15 خوولەکی بەرە بەیانی رۆژی شەممە (2ی ئادار 2024) بە تەواوی نقومی دەریا بوو.
Sinking of Motor Vessel⁰Rubymar Risks Environmental⁰Damage
— U.S. Central Command (@CENTCOM) March 3, 2024
On Mar. 2 at approximately 2:15 a.m., MV Rubymar, a Belize-flagged, UK-owned bulk carrier, sank in the Red Sea after being struck by an Iranian-backed Houthi terrorist anti-ship ballistic missile on Feb. 18.
The ship… pic.twitter.com/fRUM4ll4cY
فەرماندەییەکە لە (24ی شوباتی 2024) رایگەیاندبوو، بەهۆی پێکانی کەشتی روبیمار و لێچوونی سووتەمەنی کەشتییەکە، پانتاییەک بە رووبەری 29 کیلۆمەتر لە دەریای سوور پیسبووە، ئەمەش مەترسیی لە سەر ژینگەی دەریاکە هەیە.
پێشبینی روودانی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لە دەریای سوور دەکرێت تێکەڵبوونی بارەکە کیمیایی و سووتەمەنی کەشتی روبیمار بە نێو دەریای سووردا.
کەشتی رۆبیمار لە ساڵی 1997 لەلایەن کۆمپانیای ئۆنۆماچی ژاپۆنی دروستکراوە، کە تایبەتە بە گواستنەوەی باری زەبەلاحی دەریایی، درێژی کەشتییەکە 171 مەتر و پانییەکەشی 27 مەترە، بە مەکینەی میتسۆبێشی کاری دەکرد، کە هێزەکەی 7059 کیلۆواتە.
روبیمار بە چەند ناونیشانێک کاری گواستنەوەی دەریایی کردووە، لە 1997 یەکەمجار بەناوی (کیم شین) کەوتە خزمەت و دواتر لە ساڵی 2009 ناوی بۆ (دوورگەی چاتام) گۆڕدرا، پاشان لە ساڵی 2020 بە ناوی دوورگەی (ئیکاریا) ناسێنرا و دواتر ناوی کەشتییەکە کرا بە (روبیمار).
کەشتی روبیمار لە ساڵی 2022 بە گواستنەوەی بڕی 35 هەزار تۆن دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بۆ میسر لە رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەش بەشدار بوو.
لەدوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی حەماس و کەرتی غەززە، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور و عەرەب و هەرێمە ئاوییەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەست پێکرد بە ناوی لێدان لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل و وڵاتە هاوپەیمانەکانی، هەرچەندە هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا رۆژانە پێگەو بنکەکانی چەکدارنی حوسی دەکەنە ئامانج، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە زامنکردنی ئاسایی دەریای سوور و بنەبڕکردنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.