کەناڵێکی ئیسرائیل: درێژکردنەوەی شەڕی غەززە هۆکارە بۆ مانەوەی ناتانیاهۆ
K24- هەولێر
کەناڵێکی ئیسرائیل لە راپرسییەکدا ئاشکرای کردووە، درێژکردنەوەی شەڕی کەرتی غەززە، هۆکارێکە بۆ مانەوەی ناتانیاهۆ.
کەناڵی 13ـی عیبری راپرسییەکی ئەنجامدراوە و تێیدا ئاشکرایکردووە، 53%ـی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە درێژکردنەوەی شەڕی کەرتی غەززە، هۆکارێکە بۆ مانەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
لای خۆیانەوە شرۆڤەکاران پێیان وایە، "سەرکردەکانی ئیسرائیل دەزانن کە کۆتایی هاتنی شەڕ بە واتای کۆتایی هاتنی خۆیانە، بۆیە بە ئەنقەست شەڕەکە درێژ دەکەنەوە."
لە کاتێکدا 35% پێیان وایە نەتانیاهۆ بە مەبەستی "سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە" درێژە بە شەڕ دەدات.
سەبارەت بە مانەوەی بێنی گانتز، وەزیری ئەنجومەنی جەنگ لە حکومەتی ئیسرائیل، 35% رایانگەیاند کە پێویستە گانتز و کەمپی فەرمی لە حکومەت بکشێنەوە. 46% پێیان وایە کەمپی فەرمی نیشتمانی لە حکومەتدا پێویستە بمێنێتەوە.
بە گوتەی چاودێران و شارەزایان، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست شەڕی کەرتی غەززە درێژ دەکەنەوە، چونکە دەزانن کۆتاییەکەی بە مانای کۆتایی خۆیان دێت.