ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە دەستیپێكردەوە
ھێزەكانی پێشمەرگە لە پێشڕەویدان
K24 – ھەولێر
تۆڕی پەیامنێرانی كوردستان24 لەبەرەكانی شەڕ لەگەڵ ھەنگاوەكانی پێشمەرگە بەردەوامن لە گواستنەوەی زانیاری لەبارەی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرانمان: "ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە میحوەری وەردەك دەستیپێكردوەتەوە و ئەمڕۆ پێشمەرگە 5 گوندی دیكەیان لە دەستی داعش رزگاركردووە و بە قوڵایی 18 كیلۆمەتر پێشڕەویان كردووە.
پەیامنێرانمان رایانگەیاند: "ئەمڕۆش پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە محوەری وەردەك بەردەوامە و گوندی حاسوودە و كەنھەشی بچووك و كەنھەشی گەورە و شەنەف و ئۆمەرمەندان رزگاركراون رێگای گوێڕ- مووسڵ لە ژێر كۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە".
لەدوێنێوە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و خازر دەستپێكردووە كە ئامانج لێی رزگاركردنی ژمارەیەك گوندی ئەو سنوورەیە لە دەستی داعش و لەو ئۆپەراسیۆنەدا تا ئێستا ھێزی پێشمەرگە 11 گوندیان رزگاركردووە.