بەهۆی دەستڕێژی تەقە 8 خوێندکار لە ئەمەریکا برینداربوون

دەستڕێژی تەقە ئەمەریکا
دەستڕێژی تەقە ئەمەریکا

K24 - هەولێر

لە شاری فیلادلفیای ئەمەریکا بەهۆی دەستڕێژی تەقەی چەند چەکدارێکەوە 8 خوێندکار بریندار بوون.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، کەناڵی فۆکس29  رایگەیاند، لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری فلادلفیای ئەمەریکا، بەهۆی تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، 8 خوێندکار لە تەمەنی 15 بۆ 17 ساڵیدا کە وەستابوون بۆ پاس بریندار بوون. بەڵام برینی یەکێکیان سەختە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەگوتەی کیڤن بێتێل، بەڕێوەبەری پۆلیسی فلادلفیا رایگەیاند، تەقەکردنەکە لە نزیکەی کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ روویداوە لەکاتی سواربوونی پاس کە خوێندکارانی ئامادەیی خەریک بوون دەڕۆشتن.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریدا دەردەکەوێت سێ کەس لە ئۆتۆمبێلێکەوە دادەبەزن لەوبەری شەقامەکە وەستاون و تەقە لە خوێندکارەکان دەکەن و زیاتر لە 30 فیشەکیان ئاراستە کردوون".

بێتێل راشیگەیاند: "لە ماوەی سێ رۆژدا، 11 رووداوی تەقەکردن و برینداربوون لەم شارە روویداوە. ئەو کارە ترسنۆکانەی جێگەی قبوڵکردن نییە."

بێتێل بەڕێوەبەری پۆلیس ئەو توندوتیژییەی بە هۆکاری "شکستی سەرکردە ناوخۆییەکان لە چارەسەرکردنی پرسی توندوتیژی چەکداری" گەڕاندەوە.

لای خۆیەوە، شێریل پارکەر، سەرۆکی شارەوانی فیلادلفیا بەڵێنی دا کە بەرپرسانی شارەکە "ئاگاداربکاتەوە لە زیاد بوونی توندوتیژی و هەروەها رێوشوێنی پێویستیش دەگرنەبەر".