حەسەن مەجید: لە رووی خزمەتگوزارییەوە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان گەرەکەکانی کەرکووکدا هەیە

K24 - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، لە رووی خزمەتگوزارییەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان گەرەکەکانی کەرکووکدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەر کەسێک کە بێتە کەرکووک ئەو جیاوازییە بەدی دەکات، بەر لە چەند رۆژێک، راکان جەبووری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک، دانیشتنێک لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگانی کەرکووک ئەنجامدا، بە مەبەستی ئەوەی کە ئەو پڕۆژانەی ئامادەکراوە بەڕی بکرێت.
بەگوتەی ئەو، ئێمە گرووپێکی تایبەت لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنمان هەیە کە راکان جەبووری تێیدا ئەندامە، پێمان راگەیاند "نابێت ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی تۆ پارێزگارێکی بە وەکالەتی دەتوانی لە رووی ئیدارییەوە کارە رۆتیینەکانی رۆژ بەڕێ بکەیت. و ئاگادارمان کردەوە کە دەسەڵاتی ئەوەی نەماوە کە پڕۆژەکان بەڕێ بکات".
حەسەن مەجید گوتیشی: "لە وەڵامی قسەکانمان راکان جەبووری گوتی، "ئەوە تەنیا ئامادەکارییە مەبەستم ئەوەنییە کە من ئەو پڕۆژانە بنێرم یاخود بەرزی بکەمەوە، تەنیا دەمەوێت ئامادەی بکەم تاکو ئەوکاتە ئەندامانی ئەنجوومەن دەست بەکار دەبن و کاری خۆیان ئەنجام دەدەن".
حەسەن مەجید دەشڵیت: "ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین چاودێری وردی ئەو پڕۆژانە بکەین بزانین بۆ کوێ دەڕوات و بۆ کوێ دەکرێت، چونکە لە راپۆرتەکاندا دەبینین جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان گەرەکەکانی کەرکووکدا".