ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

K24- هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوە لەگەڵ ئەوەشدا، سبەی یەکشەممە دوا وادەی درێژکردنەوەی کارتی بایۆمەترییە، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئاداری 2024، هەردی حوسێن، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی سۆشیال دیموکرات بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێک لە بنەماکانی هەڵبژاردنی دیموکراتی ئەوەیە کە هاووڵاتیی بەشێویەکی ئازادانە دەنگبدات بەو نوێنەرەی کە خۆی هەڵیبژاردووە و پێی رازییە، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی ئەو ناوچە و شارە بکات کە تێیدا دەژی.

بەگوتەی ئەو: "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئامێرێکی دروستکردووە کە ئەوە دووەمین هەڵبژاردنە پەنجەمۆر ناخوێنێتەوە، ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵیدا هەیە. گوتیشی ئێمە وەک پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئێمە بە چوار کاندید بەشداربووین لە پڕۆسەکەدا. ئەزموونمان هەیە لەگەڵیدا بە بەڵگە، ئەو ئەزموونە تاڵەی هەمانە لەسەرەتای هەڵبژاردنکاندا بینیمان، کە ئامێرەکەی کۆمسیۆن کاتژمێر 10:00 نیوەڕۆ پەنجەمۆری بەتەمەنەکانی نەدەخوێندەوە یاخود ئەوانەی کە زۆر کار دەکەن پەنجەمۆر نەدەخوێندرایەوە".

هەردی حوسێن دەشڵێت: "ئێمە لەسەر ئەو بابەتە سکاڵامان تۆمار کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدرایەوە و هیوادارین ئەم ئەزموونە لەهەرێم دووبارە نەبێتەوە کە لە شاری هەولێر 140 هەزار کەس و لە سلێمانی 137 هەزار و بایۆمەترییەکەی نەخوێندرایەوە، ئەم ئامێرانە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەی دەبات، بۆیە داواکارین لە حکومەتی هەرێم یان لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگە نەدەن هەمان شت لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بێتەوە".

لای خۆیەوە، فەرهاد عیسا شێتنە، بەرپرسی کاروباری لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە لە هۆبەی ئۆفیسی لایەنەکانی هەولێر بەردەوام لە ئامادە باشیداین هەتاوەکو لە رۆژانی پشووەکانیشدا ئێمە خەریکی ئەرکی خۆمانین، تا ئێستا نۆلایەنی سیاسی ئامادەبوونی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە: "هەندێک لایەنی دیکەی کوردستان پەیوەندییان پێوەکردووم بۆ ئەوەی لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە هاوپەیمانی پێکبێنن لەم هەڵبژاردنە، لەگەڵ زیاتر لە 28 کاندیدی سەربەخۆ لای ئێمە ناوییان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بەشداربن لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا". هەروەها بەپێی ئەو ئیمێڵانەی بەردەوام بۆمان دێت لە دامودەزگا حزبییەکان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، من دەتوانم پێشوازی لە 39لایەنی سیاسی کوردستانی بکەم کە بەشداردەبن لەم هەڵبژاردنە.

فەرهاد عیسا راشیگەیاند، تۆماری بایۆ مەتری لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 53 بنکەی تۆمارمان هەیە. جگە لەوەش زیاتر لە 80 تیمی گەڕۆکمان هەیە، بۆ گوند و شارو شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوام لە ئەرکدان تاکو درەنگانی شەو بۆ ئەوەی زیاتر خەڵکی بایۆ مەتری بکات بۆ ئەوەی پێش کاتی دەنگدان بەزووترین کات بگاتە دەستی.

بەگوتەی سەگڤان حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: "بەگشتی تۆماری دەنگدەران لە سنووری پارێزگای دهۆک84%دایە، ئەوەش دەبێتە رێژەیەکی بەرز لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئاستی عێراقیشدا".

راشیگەیاند، بەپێی ئەو هۆشدارییە ئەم دووڕۆژە سەردانیکردنی کۆمسیۆن زۆرتر بووە، بۆ مەبەستی تۆمارکردنی دەنگدەران و دابەشکردنی کارتی دەنگدەران، هەروەها لە سنووری شاری دهۆک 41 بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەرانمان هەیە، بە تیمی گەڕۆک لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانیشەوە.

بەپێی زانییارەییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، هاووڵاتییان بەرێژەیەکی زۆر سەردانی بنکەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت یەکێک لە بەڵگە نامەکانی پێبێت بۆ خۆ تۆمارکردن.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

 

Fly Erbil Advertisment