عەبدوڵڵاهیان کارەکەی کۆمپانیای "میتا" بە بێ رەوشتی ناو دەبات
K24 - هەولێر
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، کارەکەی ئەم دواییەی میتا بۆ شاردنەوەی قسەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی بە "بێ رەوشتی" دەزانێت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئاداری 2024، حوسێن عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی "تۆمەتە بێ بنەماکانی کۆمپانیای میتا سەبارەت بە داخستنی لاپەڕەکانی رێبەری باڵای ئیسلامی لە ئینستاگرام و فەیسبووک" بۆچوونەکانی خۆی بۆ ماڵپەڕی "میدل ئیست ئای" ناردووە.
عەبدوڵڵاهیان گوتیشی، "ئەو دروشمانەی ئازادی رادەربڕین کە لەلایەن بەشێک لە خۆنمایشکەرانی رۆژئاواوە دەریدەبڕن، دروشمی پووچ و نمایشکار و بێبنەمان بۆ ئامانجە سیاسییە ناشەرعییەکانیان".
ناوبراو دەشڵێت: "بلۆک کردنی لاپەڕەی رێبەری باڵای ئیسلامی ئێران نەک هەر پێشێل کردنی ئازادی رادەربڕین پێک ناهێنێت، بەڵکو سووکایەتیکردنە بە ملیۆنان شوێنکەوتووی هەڵوێست بەو رێبەرە".
عەبدوڵڵاهیان "ئەو کارەی میتا" بۆ بلۆککردنی لاپەڕەکانی راگەیاندنی رێبەری باڵای ئیسلامی ئێران ئیدانە کرد و گوتی: ئایەتوڵڵا خامنەیی دیارترین و دەنگدانەوەی دەنگی گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین و غەززەیە لە جیهاندا.
راشیگەیاند، یەکێک لە نیشانەکانی داڕمانی بێ رەوشتی و لە جیهاندا هەڵسوکەوتی ناڕەوای پلاتفۆرمەکانی ئەمەریکایە لە سانسۆر کردنی قسە و لێدوانەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی و لایەنگرانی خەڵکی ئاوارەی فەڵەستین لە غەززە و زیاتر لە 30 هەزار فەڵەستینی تێیدا کوژراوە لە ماوەی 5ـی مانگی رابردوودا."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کۆمپانیایە دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵسوکەوتی نایاسایی و بێ رەوشتییەی خۆی لە ئەستۆ بگرێت"
رۆژی 9ـی شوبات، میتا دووپاتی کردەوە کە هەژمارەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای ئیسلامی ئێرانی لە پلاتفۆرمی فەیسبووک و ئینستاگرام بلۆک کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە پاشخانی شەڕی غەززە هەیە.
گوتەبێژی میتا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئەو ئەکاونتانەمان لابرد بەهۆی ئەوەی چەندین جار سیاسەتەکانمان لەبارەی رێکخراو و کەسانی مەترسیدار پێشێل کردووە".
خامنەیی لە ئینستاگرام پێنج ملیۆن فۆڵۆوەری هەبووە و ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە هاوشێوەی فەیسبووک لە ئێران قەدەغە کراوە، بەڵام بەهۆی"تۆرە تایبەتەکانی مەجازی" (VPN)ەوە تا ئێستاش لە بەکارهێناندایە.