خاوەنی کۆگا سووتاوەکەی هەولێر: زیانی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلارمان پێگەشتووە
K24 - هەولێر
خاوەنی کۆگا سووتاوەکەی هەولێر رایگەیاند، نزیکە 10 هەزار تۆن کەرەستە لەناو کۆگاکە سووتاوە، بڕی پارەکەش زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیانمان پێگەیشتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، ئیبراهیم خدر، خاوەنی کۆگا سووتاوەکەی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لە دەزگاکانی ئاسایش زانیاریمان پێگەشت کە کۆگاکە سوتێنراوە، هیچ زانیارییەکمان نەبووە لەوەی کە کێ ئەم کارەی کردووە و وامانزانیوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە. هەموو کارمەندەکانی کۆگاکە سەلامەتن.
بەگوتەی ئەو: "نزیکە 10 هەزار تۆن کەرەستە لەناو کۆگاکە سووتاوە، بڕی پارەکەش زیانی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلارمان پێگەیشتووە".
دەشڵێت: "رێگا نادەین هیچ کەسێک وەک فشارێک لەسەرمان لە کەیسی خۆمان خۆشبین،و لە سبەینێوە سکاڵا لەسەر تۆمەتباران تۆمار دەکەین. بەزووترین کاتیش دەست دەکەین بە نۆژەنکردنەوەی کۆگاکە".
ئەو خاوەنکارە رایگەیاند: "پارەی تۆمەتباران سەرووی 200 هەزار دۆلارە و لە دادگا کەیسی لەسەرە، تۆمەتبار لە رابردوودا هیچ هەڕەشەیەکی نەکردووە،و چەند جارێک هەوڵی نێوەندگیری کێشەکانی نێوانمان دراوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەنجامێک".
گوتیشی: "ئێمە تۆمەتباری سەرەکی ناناسین، بەڵام دوو لە کورەکانی تۆمەتباری سەرەکی کارمەند بوون لە کۆمپانیاکەمان".