حوسییەکانی یەمەن بە دوو مووشەکی بالیستی هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی سەنگاپورە
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، حوسییەکان دوو مووشەکی بالیستیکیان بەرەو کەشتیی بازرگانی "پینۆکیو"ـی سەنگاپورە هەڵداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"دا هاتووە لە 11ـی ئاداری 2024، حوسییەکانی سەر بە ئێران دوو مووشەکی بالیستی بە ئاڕاستەی کەشتی "پینۆکیو"ـی سەنگاپورە کە ئاڵای لیبیریای لەسەرە لە ئاوەکانی دەریای سوور هەڵداوە.
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتییە بازرگانییە ئامانجدەرەکە بەناوی "پینۆکیۆ"ـی سەنگاپورەیە و ئاڵای لیبریا هەڵکردووە. راشیگەیاند، دوو مووشەکە بالیستییەکە کە بۆ کەشتی "پینۆکیۆ" هەڵدراوە هیچ بریندارێک و زیانێکی نەبووە.
هەروەها لە بەیاننامەکەی سیێنتکۆم هاتووە، "ئەمەریکا بۆ بەرگری لەخۆی 6 هێرشی ئەنجامداوە و لەگەڵ لەناوبردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاو، جگە لە 18 مووشەکی دژە کەشتی لە ناوچەکانی حوسییەکان لە یەمەن."
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بە پێچەوانەشەوە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، چەکدارانی حوسیی وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس لە دەریای سوور هێرشەکانیان بۆ سەر جووڵەی کەشتییەکان چڕکردەوە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی چەکدارە حوسییەکانیش رایگەیاندووە، هەرچەندە هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر بنکە و بارەگانیان زیاتر بێت، حوسییەکان لە پشتیوانیکردنی حەماس هەر بەردەوام دەبن، هەروەها ئەمەریکا، سوپای پاسدارانی ئێران تۆمەتبار دەکات لە پشتیوانیکردنی چەکدارە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بیانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
هەروەها سەرەتای ئەمساڵ واشنتن بڕیاریدا بە فەرمی چەکدارە حوسییەکان بخاتە لیستی تیرۆر، بە هۆکاری ئەوەی بوونەتە هەڕەشە لە سەر جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و چەند کەشتییەکیشیان دەست بەسەرداگرتووە، بۆ ئەمەش داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد بە یاسا بڕیارێک دەربکات.