هاووڵاتییەکی کۆریای باشوور بەتۆمەتی سیخوری لە رووسیا دەستگیرکرا
K24 – هەولێر
میدیایەکی رووسیا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار هاووڵاتییەکی کۆریای باشووری بەتۆمەتی سیخوری کردن بۆ ئەمەریکا لە رووسیا دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، ئاژانسی "تاس"ی رووسی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی رووسیا هاووڵاتییەکی کۆریای باشووریان لە شاری ڤلادیڤۆستۆک بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئەمەریکا دەستگیرکردووە،و بۆ لێکۆڵینەوە گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هاووڵاتییە کۆرییە بەپێی مادەی پەیوەندیدار بە سیخوڕی (مادەی 276ی یاسای تاوانەکانی رووسیا) دەستگیرکراوە، لای خۆیەوە دادگای لێفۆرتۆڤۆ لە مۆسکۆ بڕیاریداوە ماوەی دەستبەسەرکردنی بۆ 3 مانگ درێژبکاتەوە.
ئەو ئاژانسە راشیگەیاند، یەکەمجارە لە رووسیا هاووڵاتییەکی کۆریای باشوور بەناوی "بەیک وۆن سون" بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر بکرێت.
مادەی 276ـی یاسای تاوانەکانی رووسیا پەیوەندی بەو تاوانانەوە هەیە کە لەلایەن خاوەن رەگەزنامەی بیانی و کەسانی بێ وڵاتەوە ئەنجام دەدرێن،و گومانی دزین، کۆکردنەوە و هەڵگرتنی زانیارییان لەسەرە و بەدوای نهێنی دەوڵەتەوەن، لەژێر دەزگای هەواڵگری بیانی بۆ بەکارهێنان دژی ئاسایشی رووسیا و هێزە چەکدارەکانی و دەسەڵاتداران، لەوانەش لە بارودۆخی شەڕی چەکداری یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە رووسیا بەشداری تێدا دەکات.
یاسای رووسیا سزای ئەو جۆرە تاوانانە بە زیندانیکردن بۆ ماوەی 10 بۆ 20 ساڵ دەدات.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنوس ئیڤان گێرشکۆڤیچ لە مەکتەبی مۆسکۆی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە شاری یکاتێرینبۆرگ بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا راگەیاند.