یەکەم کەشتی هاوکاریی مرۆیی بەرەو غەززە کەوتەڕێ

K24 - هەولێر
یەکەم کەشتی هاوکاری مرۆیی بۆ کردنەوەی رێگەی دەریایی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و فریاکەوتنی دانیشتوانی غەززە لە کەناراوەکانی قوبرسی بەرەو کەناراوەکانی غەززە کەوتەڕێ.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (12ی ئاداری 2024) کەشتی خێرخوازی ئۆپن ئارمز لە بەندەری لارنکا لە قوبرسەوە بە بارێکی نزیکەی 200 تۆن ئارد و برنج و چەندی ماددەی دیکەی خۆراکی بەرەو کەناراوەکانی کەرتی غەززە بەڕێکەوتووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، بەڕێکەوتنی ئەو کەشتییە وەک یەکەم هەنگاوی تاقیکردنەوەدایە لە پێناو رزگارکردنی دانیشتوانی کەرتی غەززە لە قەیرانی خۆراک و مردن بەهۆی برسێتییەوە.
لەلایەکی دیکەوە سێندی ماکین بەڕێوەبەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا هۆشداری لە بەسەرچوونی کات لە باکووری کەرتی غەززە دەدات و رایگەیاندووە، کاتێکی ئەوتۆ نەماوە و بەهۆی کەمبوونەوەی خۆراک، ئەگەری روودانی کارەساتێکی گەورە هەیە.
هەروەها نیگەرانی رێکخراوەکەی لە بارەی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە دەربڕیوەو بە تایبەتی لە دۆخی مرۆیی لە باکووری کەرتەکە، راشیگەیاندووە، ئەو خەڵکەی لە باکووری غەززە ماون رووبەڕووی کارەساتێکی مەترسیدارتر دەبنەوە، ئەگەر بەشێوەیەکی فراوان هاوکارییەکانیان نەگەیەنرێتە ناوچەکە و لە قەیرانی خۆراک رزگار نەکرێن.
هەروەها ئاماژەیداوە، دەروازە وشکانییەکانی کەرتی غەززە وێرانکراون و دەبێت ئیسرائیل رێگە بەکردنەوەی دەروازەکان و گەیاندنی قەبارەیەکی زۆری هاوکارییە مرۆییەکان بدات.
دەشڵێت؛ پێویستە رۆژانە 300 بارهەڵگری خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێتە دانیشتوانی کەرتەکە بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی برسێتی رزگاریان بکرێت.
بەگوێرەی ئامارێکی سەرچاوە تەندروستییەکانی فەڵەستین تاوەکوو 27 منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەهۆی ئەو شەڕەی زیاتر لە پێنج مانگە لە نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 31 هەزار و 112 کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 72 هەزار و 760 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەتان و منداڵانن.