جیهانگیر گوڵپی: کاری حکومەتی فیدڕاڵی نییە راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆران بدات

K24 - هەولێر
پسپۆڕی دارایی گشتی رایگەیاند، بەپێی هەموو دەستوورێکی جیهان کاری حکومەتی فیدڕاڵی نییە راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆران بدات. بەڵکو دەتوانێت مووچەی ئەو دامەزراوانە بدات کە دامەزراوەی فیدڕاڵین و سەر بە دامودەزگا فیدڕاڵییەکانن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، جیهانگیر گوڵپی، پسپۆڕی دارایی گشتی لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24دا رایگەیاند، سەبارەت بەو گوتانەی محەممەد شیاع سوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوویەتی وەکو دەربڕین بە تەواوی راستن، نەک هەر ئەو، بەڵکو زۆرێک لە یاسا ناسان، پسپۆڕان، لەگەڵ ئەوانەی چاودێری سیستەمی فیدڕاڵیەکانن ئەوە دەزانن کە لە سیستەمی فیدڕاڵیدا شتێک نییە، بەناوی مووچەی راستەوخۆی مووچەخۆرانی هەرێم یان حکومەتە ناوخۆییەکان لەلایەن دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییەوە.
بەگوتەی ئەو: "هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، تاکە هەرێمێکی فیدڕاڵییە بەپێی دەستوور و مادەی 121 ئەوەی کە دەربارەی قەزاکانن بووە بە کێشە، ئەوەیە لە مادەی 121دا هاتووە، پێویستە لە کۆی داهاتەکانی عێراق بەشێکی دادپەروەری بۆ هەرێمی کوردستان پارێزگا نەبەستراوەکان بەهەرێمەکان بدرێت، بەجۆرێک کە گونجاوبێت لەگەڵ رێژەی دانیشتوان و یەک دوو پێوەری دیکە کەلە یاساکەدا دیاری کراون".
جیهانگیر گوڵپی دەشڵێت: "نە بەپێی دەستووری عێراق، نە بەپێی سیستەمە فیدڕاڵییەکانی جیهان و نەبەپێی هیچ ئەزموونێکی وڵاتی فیدڕاڵی، ئەوە نییە کە حکومەتی ئیتیحادی خۆی هەستێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەکان. ئەوەی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە رووی دابەشکردنی مووچەوە دابەشکردنی مووچەی راستەوخۆ، تەنیا بریتییە لە پێدانەی مووچەی ئەو دامەزراوانەی کە دامەزراوەی فیدڕاڵین و سەر بە دامودەزگا فیدڕاڵییەکانن. وەک؛ پەرلەمانی فیدڕاڵی، حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەو وەزارەتانەی کە دامەزراوەی فیدڕاڵین".
ئەو راشیگەیاند، هەموو دامودەگانی دیکە لە ئاستە حکومییەکاندا یاخود لە ئاستی پارێزگاکاندا، ئەوە لەلایەن خۆیانەوە مووجە دابەش دەکرێت و جێبەجێکردنی خەرجییەکان دەکرێت،و بەشێکیش لە داهاتەکانەوە لەلایەن خۆیانەوە وەردەگیرێت. ئەوەی هەیە دەبێت بە پێی یاسا و رێساکان رێکبخرێت.
بە بڕوای ئەو: "حکومەتی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی بەدەربڕین ئەم قسانە دەکات، تاچەند بڕوای پێی هەیە نازانرێت، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، لە دوای دەستووری عێراق بڕیاردرا کار بکرێت بە کۆمەڵێک یاسا و رێنمایی و رێسای ناوەندگەرانە کە لە عێراقدا دانراون،و وایانکردووە بە جۆرێک لە جۆرەکان وایان کردووە مانای فیدڕاڵییەت لە عێراقدا نەمێنێت. لە کاتێکدا سیستەمی فیدڕاڵی لەسەر دوو پرەنسیپی سەرەکی رادەوەستێت.