رووسیا بەشداری لە "پشتێنەی ئاسایشی دەریایی 2024"ـی کەنداوی عومان دەکات

مانۆڕی دەریایی
مانۆڕی دەریایی

K24 - هەولێر

کەشتیی مووشەکی کروزەر "ڤاریاگ" و فرگاتە "مارشال شاپۆشینکۆڤ"ـی کەشتی زەریای هێمن لە رووسیا دەستیان بە جێبەجێکردنی کردەیی مەشق و راهێنانی دەریایی نێودەوڵەتی هاوبەش لەگەڵ هێزی دەریایی ئێران و چین کرد.

مەشقی جەنگی دەریایی بە ناوی " پشتێنەی ئاسایشی دەریایی 2024" لە کەنداوی عومان لە دەریای عەرەبی بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکیش دەستەبەرکردنی سەلامەتی چالاکییە ئابوورییە دەریاییەکانە.

لەم مانۆڕانەدا کەشتییە جەنگییەکانی سێ وڵات مانۆڕی هاوبەش و تەقەکردن لەسەر ئامانجە سەرزەوی و ئاسمانییەکان ئەنجام دەدەن، هەروەها مەشق و راهێنان لەسەر توخمەکان دەکەن بۆ ئازادکردنی کەشتییەک کە لەلایەن چەتەی دەریاییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە 20 کەشتی و کەشتی پشتیوانی و بەلەمی شەڕکەری سەر بە هێزەکانی دەریایی رووسیا و ئێران و چین بەشداری لە مانۆڕەکاندا دەکەن. هەروەها لەم ماوەیەدا هێلیکۆپتەرەکانی هێزی دەریایی بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن.

ئەم مانۆڕە دەریاییە نێودەوڵەتیانە بۆ جاری شەشەم بەڕێوەدەچن. بۆ یەکەمجار لە ئاوەکانی دەریای عەرەبی لە زەریای هیندی لە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو.

کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئێران، چین و رووسیا بە شێوەیەکی بەردەوام بەشداری لەم مانۆڕانەدا دەکەن. ساڵی رابردوو فرگاتەی رووسی ئەدمیراڵ گۆرشکۆڤ کە یەکەم کەشتییە لە جیهاندا، مووشەکی هایپەرسۆنیکی هەڵگرتبوو، بەشداری لەو مانۆڕانەدا کرد.

بۆ یەکەمین جار نوێنەرانی هێزەکانی دەریایی پاکستان، کازاخستان، ئازەربایجان، عومان، هیندستان و باشووری ئەفریقا وەک چاودێر بەشداری مەشقەکان دەکەن.