لە دوو ناوچەی سنوورییەوە هێرشی زەمینی دەکرێتە سەر رووسیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەیاندا لە چەند شوێن و کاتێکی جیاواز شکستیان بە ژمارەیەک هێرش و هەوڵی سنوور بەزاندن هێناوە، بەڵام سەرچاوەیەکی چەکدارانی خۆبەشی دژ بە رووسیا رەتیدەکاتەوە و رایگەیاندووە، شەڕو پێکدادانەکان لە سنوورەکان بەردەوامە و سوپای رووسیاش زیانی زۆری پێگەیشتووە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەیداوە درەنگانی شەوی دووشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (12ی ئاداری 2024)، هێزە چەکدارەکانی سەر بە سوپای رووسیا و هێزەکانی پاسەوانانی سنوور، سەر بە دەزگای ئاسایشی فیدراڵی لە ناوچە سنوورییەکانی بێلگۆرود و کۆرسک شکستیان بە چەند هەوڵ و هێرشێکی چەکدارانی ئۆکرانیا هێناوە، کە بەنیازبوو هێرش بکەن و لە سنوورەکانی رووسیاوە دزە بکەنە خاکی رووسیا.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە هەردوو ناوچەکە سنوورییەکەی رووسیا و ئۆکرانیا، هێشتا شەڕو پێکدادان لە نێوان چەکدارە خۆبەخشە رووسەکانی لایەنگری ئۆکرانیا، کە خۆیان بە (یەکەی ئازادکردنی رووسیا) ناساندووە بەردەوامە.

بە گوتەی نوێنەری یەکە چەکدارییە خۆبەخشەکە، ئەلێکسی بارانۆڤسکی لە شەڕەکاندا زیانیان نە سوپای رووسیا گەیاندووە و چەند تەنک و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشاندووە.

هەروەها رۆمان ستارۆڤۆیت سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی کۆرسکی رووسیا رایگەیاندووە، درۆنێکی ئۆکرانیان لە ئاسمانی ناوچەکە ڤانتیچ خستووتە خوارەوە، داواشی لە دانیشتووانی ناچەکە کردووە لە پارچەی درۆنە تێکشکاوەکە نزیک نەکەونەتەوە، ئەگەر هاتوو پارچەکانیان دۆزییەوە.

بەر لە خستنەخوارەوەی درۆنەکەش، رایانگەیاندبوو، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا چەند هێرشێکی مووشەکیان ئۆکرانیایان بۆ سەر خاکی رووسیا تێکشکاندووە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانەوە یەک کەس گیانی لەدەستداوە و ئافرەتێکیش برینداربووە.

سوپای رووسیا لە 24ی شوباتی 2022 هێرشی فراوانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکردوو زیاتر لە دوو ساڵە جەنگی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.