سوید ئافرەت و منداڵانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان ناگەڕێنێتەوە

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادە نییە ئافرەی و هەرزەکارو منداڵانی چەکدارانی داعش و توندڕەوەکان لە کەمپ و زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) وەربگرێتەوەو بیانگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید بە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی راگەیاندووە، حکومەتی سوید ئامادە نییە کار بۆ گەڕاندنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییە سویدیی و ئەو کەسانەش بکات، کە پەیوەندییان بە سویدەوە هەیە و لە کەمپەکان یان زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داڵدەدراون یان زیندانیکراون.
بە گوتەی بیلسترۆم، ئەو سویدییانەی تاوەکوو ئێستا لە کەمپی هۆل، لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن، چەندینجار دەرفەتی جێهێشتن کەمپەکە و گەڕانەوەیان بۆ سوید پێدراوە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە، هەربۆیە حکومەتی سوید هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی لە ئەستۆ نییە بۆ گەڕاندنەوە و گواستنەوەی ئەو کەسانە، جا لە هەر توێژێکی ئافرەتان، منداڵان یان پیاوان بن.
وەزیری دەرەوەی سوید راشیگەیاندووە، کاریگەرییەکانی ئەو کەسانە لەسەر ئاسایشی سوید هۆکارە لە نەگەڕاندنەوەیان، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە لە دوای گەڕاندنەوەیان نەبنە هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 43 هەزار کەس لە کەمپی هۆل، کە جگە لە خەڵکی سووریا و عێراق، هاووڵاتیی 45 وڵاتی دیکەشی هەن و لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستبەسەرکراون، لە نێویشیاندا ئافرەتێک و پێنج منداڵی سویدی هەن، هەروەها 10 پیاوی هەڵگری ناسنامەی سویدیش، کە چەکداری داعش بوون لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان هەن.