پێشمەرگە ھێرشێكی داعشی لە شنگال تێكشكاند
K24 – دھۆك
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە ھێرشیان كردەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە رۆژھەڵاتی شنگال، لەلایەن ھێزی پێشمەرگە ھێرشەكە تێكشكێنراوە.
پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك لەزاری فەرماندەكانی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند: "كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە چەند قۆڵێك ھێرشیان كردەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە رۆژھەڵاتی شارۆچكەی شنگال، بەڵام پێشمەرگە لێیان ھاتونەتە دەست و ھێرشەكەیان تێكشكاندووە".
پەیامنێرمان گوتیشی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە فەرماندەكانی پێشمەرگە دەستمان كەوتووە، چەندین تەرمی چەكدارانی داعش لەسەنگەرەكان جێماون و لە ھەندێك لاوە تا ئێستا شەڕە تەقە بەردەوامە".
ئەمە لەكاتێكدایە لە دوو رۆژی رابردوودا ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە میحوەری گوێر و خازر توانیان 11 گوند و چەندین خاڵی ستراتیجی لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەن.