مانگی داهاتوو رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە دەکرێتەوە
پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 70%ی کارەکانی تەواو بووە، بڕیاریشە لە مانگی 10ی ئەم ساڵدا بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل رێگایەکی دوو سایدی 10 کیلۆمەترییە و دوو تونێل لەگەڵ سێ یەکتربڕ لەخۆ دەگرێت، بوونی ئەم سێ یەکتربڕەش هاتوچۆی شۆفێران زۆر ئاسانتر دەکات.
ئێستا کارکردن لە تونێلی ماوەران بە خێرایی بەردەوامە و بە باشترین شێوە دروست دەکرێت، لە هەمان کاتدا لە تونێلی میراوە رووناکی و پێداویستییەکانی دڵنیایی و پارێزراوی دانراون.
لە پڕۆژەکەدا رەمپەیەک بۆ جڵەوکردنی ئەو بارهەڵگرانە دروست دەکرێت کە لە ناکاو توانای وەستان لەدەست دەدەن، بۆ ئەوەی بێ رووداوی نەخوازراو خۆیان بگرنەوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و کردنەوەی بە رووی شۆفێراندا لە مانگی 10ی ئەم ساڵدا، ئاستەنگی هاتوچۆ نامێنێت و کاتی گەشتکردن لە نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەکی بەرچاو و بۆ زیاتر لە 30 خولەک کەم دەبێتەوە.
پڕۆژەی رێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی سێکتەری رێگاوبان و بەیەکەوەبەستنی شار و شارۆچکەکان. ئەم رێگایە بەشێکە لە شاڕێگای سەرەکیی نێوان هەولێر و دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران.
ئامانجی سەرەکیی حکوومەت لە دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە، کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و ئاسانکارییە بۆ گەشتیاران و هاووڵاتییان، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا بەهۆی بەفربارین و دروستبوونی ئاستەنگ لە رێگا کۆنەکەی چیای سەفین.
کردنەوەی ئەم تونێل و رێگا نوێیانە، بزووتنەوەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ خێراتر دەکات و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت.