دیبه‌یتی كوردستان24، تاوتوێی 33ـه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕین و ئازادكردنی دهۆك ده‌كات

K24 - هەولێر:
سی و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شاری دهۆك له دژی داموده‌زگاكانی رژێمی به‌عس راپه‌ڕی و شاره‌كه ئازاد كرا، كوردستان24 له‌و باره‌یه‌وه ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 14ـی ئاداری 2024) دیبه‌یتێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له عیسمه‌ت محه‌ممه‌د، دامه‌زرێنه‌ری زانكۆی دهۆك، ماجید سه‌ید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك و هه‌ڤاڵ عیسمه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی دهۆك ئه‌نجام دا و باسیان له رابردوو و ئێستای شاره‌كه و پێشكه‌وتنه‌كان كرد.
له سه‌ره‌تادا له عیسمه‌ت محه‌ممه‌د، دامه‌زرێنه‌ری زانكۆی دهۆك سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، راپه‌ڕین وه‌رچه‌رخانێكی دیرۆكی بوو و كوردستانی له دۆخێكی نه‌رێنیدا بۆ دۆخێكی ئه‌رێنی گواسته‌وه و بووه خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به خۆی و كه‌سانی پسپۆڕ له‌پاڵ پێشمه‌رگه و شۆڕشگێڕان به‌شدارییان له بونیاتنانه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یدا كرد.
عیسمه‌ت محه‌ممه‌د تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، ساڵێك له دوای راپه‌ڕین سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی‌یان كرد بۆ ئه‌وه‌ی پرسی دامه‌زراندنی زانكۆی له‌گه‌ڵ تاوتوێ بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامدا په‌رۆشی خۆی بۆ هه‌وڵ و پڕۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه ده‌ربڕیوه و به پێویستی زانیوه بادینان ببێته خاوه‌نی زانكۆی تایبه‌ت و پسپۆڕییه‌كان تێیدا زیاد بكه‌ن به‌مه‌ستی خزمه‌تكردنی ناوچه‌كه، كه دواتر ئه‌م زانكۆیه بووه زانكۆی دایك و له ئێستادا چه‌ندین زانكۆی لێ بووه‌ته‌وه و ناوچه‌كه له رووی زانستی و ئه‌كادیمییه‌وه بووه‌ته خاوه‌نی سامانێكی گه‌وره‌ی مرۆیی و مه‌عریفی.
ماجید سه‌ید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی راپه‌ڕینی دهۆك خسته‌ڕوو و گوتی، هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان و دهۆكی ناچار كرد دژی رژێمی به‌عس و حكومه‌تی عێراق رابپه‌ڕن له ئێستاشدا له ئارادان و جارێكی دیكه دوای 33 ساڵ، هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی هه‌مان سته‌م و زۆرداری و چه‌وسانه‌وه‌ی سیاسی، ده‌ستووری، یاسایی و ئابووری بووه‌ته‌وه.
ماجید سه‌ید ساڵح جه‌ختیكرده‌وه راپه‌ڕین موڵك یه‌ك كه‌س و لایه‌ن نه‌بوو، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی كوردستان بوو. گوتیشی، ده‌بێت ئێستا خه‌ڵكی كوردستان به‌رگری له ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕینی 1991 بكات و داكۆكی له مافه‌كانی بكات و رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری و ئاسته‌نگه‌كان ببێته‌وه و كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه ببات.
هه‌ڤاڵ عیسمه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی دهۆك پێی وابوو یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین و دوای به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی كوردستان، ده‌ركردنی یاسای وه‌به‌رهێنان بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌و رێگه‌یه‌وه بۆ قۆناغێكی پێشكه‌وتوو وه‌ربچه‌رخێ و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌دا كێبه‌ركێی پێشكه‌وتنه‌كان بكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی دهۆك وردتر له‌و باره‌یه‌وه قسه‌ی كرد و گوتی، هۆكاری سه‌قامگیری ته‌ناهی ده‌رفه‌تێكی زیاتر و بناغهییتر به پێشكه‌وتنه‌كان ده‌دات، ئه‌مه‌ش له هه‌رێمی كوردستان روونه ئاسایش به‌رقه‌راره و بوار و ده‌رفه‌ت بۆ وه‌به‌رهێنان له هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌بارتره. جه‌ختیشیكرده‌وه، ئێستای دهۆك به‌راورد به 33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، دوو دنیا و رووخساری جیاوازن و دهۆك ئێستا بووه‌ته ناوچه‌یه‌كی به‌رفره‌وانی وه‌به‌رهێنان و له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌كاندا پێشكه‌وتنه‌كانی خۆی ده‌نوێنێ.
رۆژی 14ـی ئاداری 1991 جه‌ماوه‌ری دهۆك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له دژی داموده‌زگاكانی حزبی به‌عس و حكومه‌تی عێراق راپه‌ڕین و له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا شاره‌كه و ناوچه‌كانیان ئازاد كرد و له داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كان پاكیان كرده‌وه.