سوپای پاسداران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەر مین کەوت

هێزی دەریاییی ئێران رایگەیاند، ئاگر لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کەوتەوە، دوای ئەوەی لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز لە ناوچەیەکی قەدەxەکراودا بەر مینێکی دەریایی کەوت.

هێزی دەریاییی ئێران روونیکردەوە، کەشتییەکە  بە کوژاندنەوەی سیستەمەکانی هاتوچۆ گەشتی کردووە، ئەمەش بووە هۆی زیانی گەورە و پەککەوتنی؛ هاوکات ئەمە چوارەمین تەنکەری لەو جۆرەیە کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا لەو ناوچەیە تووشی زیان دەبێت.

هێزەکە هۆشدارییدا، کوژاندنەوەی سیستەمەکانی چاودێری و چوونە ناو ناوچە قەدەخەکراوەکان بەبێ مۆڵەت، کەشتییەکان رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە. هەروەها جەختیکردەوە، ئاسایشی گەرووەکە پێویستی بە پابەندبوون بە رێساکانی هاتوچۆ و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران هەیە.

ئەم رووداوە دوای ئەوە هات، هێزی دەریاییی ئێران پێشتر لە هەمان رۆژدا رایگەیاندبوو، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئاگر لە سێیەم کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز کەوتووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێزەکە گوتی: "کەمێک پێش ئێستا کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، کە لە رێڕەوێکی بێ مۆڵەتدا گەشتی دەکرد و سیستەمەکانی هاتوچۆی کوژاندبووەوە، تووشی تەقینەوەی مینێکی دەریایی بوو، ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەسەر کەشتییەکە".