پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: هیچ گۆڕانکارییەکمان لە هێزەکانمان لە عێراق و سووریا نەکردووە

K24 – واشنتن:
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" دەڵێت: " هیچ گۆڕانكارییەمان لە ژمارە و جووڵەی هێزەكانمان لە سووریا و عێراق نەكردووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی ئادارای 2024) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەركی هێزەكانمان لە سووریا و عێراق دڵنیابوونەوەیە لە لەناوبردنی داعش و هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: هیچ گۆڕانكارییەمان لە ژمارە و جووڵەی هێزەكانمان لە عێراق و سووریا نەكردووە.
سەربازانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی مەترسیی گەورە بوونەتەوە و، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا، 84 ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەنگیان بەمانەوەی سەربازانیان دا لەو سووریا، ئەمەش لە ترسی ئەوەی ئەگەر ژمارەی سەربازەکانیان کەمبکەنەوە دەبێتە هۆی خزمەتکردنی ئێران.
پێشتریش ئەمەریکا چەند جارێک رایگەیاندووە ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق و سووریا رووبەڕووبوونەوەی داعشە.