زاراوه‌ی كۆماری مۆز له‌نێوان مێژووی ده‌ركه‌وتن و مانای سیاسی‌دا
K24 – هەولێر:
زاراوه‌ی كۆماری مۆز كه ریشه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه به‌م دواییانه له‌میانی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه و فراوانتر بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر دیكتاتۆرێكی ده‌ره‌كی یان بۆ تۆمەتبارکردنی وڵاتان بە گەندەڵی و ئاژاوەگێڕی به‌كارده‌هێنرێت.
کۆماری مۆز وه‌ك زاراوەیەکی "سووکایەتیپێکردن" و هێرشبەرانە دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە داهاتەکانیان پشت بە هەناردەکردنی یەک بەرهەم یان یه‌ك کاڵا دەبەستن یان ملکەچی کۆمپانیا یان پیشەسازییە بیانییەکانن.
پارتی لیکۆدی ئیسرائیلی کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، داواكاری و بانگه‌وازه‌كه‌ی چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمه‌ریکای رەتکردەوە كه داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە ئیسرائیل دەکات.
له‌و باره‌یه‌وه پارتی لیکۆد رایگه‌یاندووه، ئیسرائیل "کۆماری مۆز نییە" و سیاسەتی ناتانیاهۆ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا پشتیوانییەکی بەرفراوانی هەیە.
سیاسەتمەدارانی ئەمه‌ریکا لەوانه جۆرج بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکا ساڵی 2021 ئەمه‌ریکایان بە کۆماری مۆز چواند، دوای ئەوەی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌و ساڵه، هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس.
به هه‌مان شێوه ساڵی 2018 عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا و ئەو رەخنانەی رەتکردەوە کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا ئاراستەی وڵاته‌كه‌ی دەکران و لە وتارێکدا کە لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا پێشکەشی کرد گوتی، "زانیاریتان سەبارەت به سعودیە لەسەر بنەمای دەنگۆیە، واز لە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی دادوەریمان بێنن، ئێمە کۆماری مۆز نین."
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وڵاتانی كۆماری مۆز ئەوەیە کە پێکهاتەیەکی چینایەتی کۆمەڵایەتی یان ئابوورییان هەیە و كه‌مینه‌یه‌كی دەسەڵاتدار ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كاندا ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، هەژاری و نەبوونی یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە بۆ کۆتاییه‌كانی سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە، كاتێك کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان دەستیان بەسەر زەوی و کرێکارانی کێڵگەی مۆز لە وڵاتانی ئەمه‌ریکای ناوەڕاست و باشووردا گرت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان قۆستیانه‌وه و به‌كاریان هێنا.
زاراوەی "کۆماری مۆز" وه‌ك ده‌ق، بۆ یەکەم جار لە کورتە چیرۆکێک‌دا دەرکەوت کە نووسەری ئەمریکی ئۆ هێنری له ساڵی 1901 نووسی و بڵاویكرده‌وه، پاشان له ساڵی 1904ـدا لە یەکەم کتێبی خۆیدا بە ناوی "كه‌له‌رم و پاشاکان" کە لە ساڵی 1904ـدا بڵاوکرایەوە، دووباره بەکاری هێنایەوە.
هێنری باسی وڵاتێکی خەیاڵی دەکات کە ناوی لێ نابوو "ئەنشۆریا"، "کۆمارێکی بچووکی مۆزی دەریایی"، هەر چەندە بە وردی و به راشكاوانه ئه‌و ناوه‌ی به‌كارنه‌هێنا، بەڵام نووسینەکەی لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی لە هندۆراس دانابوو، کە چەند مانگێک لەوێ ژیاوە و سەیری چۆنیەتی دروستکردنی رێگاوبان، بەندەرەکان، و هێڵی ئاسن ده‌كات له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان لە بەرامبەر پێدانی زەوی بۆ گەشەپێدانی میوەکان.
ئینسیکلۆپیدیای به‌ریتانی سەرچاوەی زاراوەی کۆماری مۆز وەک چەمکێک دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 1870، کاتێک لۆرێنزۆ دا‌و بەیکەر ئەو مۆزانەی کە لە جامایکا کڕیبووی لە ئەمه‌ریکا ده‌یفرۆشته‌وه و خواستێکی زۆری لەسەر ئەم میوەیە دروستکرد، بە جۆرێک ئەمه‌ریکا له رێگه‌ی چه‌ندین کۆمپانیاوه ژماره‌یه‌كی زۆری بازاڕ و بەرهەمهێنانی بەدەستهێنا و بووە گەورەترین خاوەنی کێڵگەی مۆزە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور.