ئەیاد کاکەیی: عێراق ئامادەیە قەرەبووی کوێت بکاتەوە بەڵام ئامادە نییە قەرەبووی هەڵەبجە بکاتەوە

K24 - هەولێر

پارێزەر و شارەزاییەکی یاسایی دەڵێت: بەداخەوە عێراق لە بەرپرسیارەتی یاساییەکەی قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە دوور دەکەوێتەوە، هەروەها قەرەبووی هەموو هاووڵاتیانی عێراقیانی کردووەتەوە کە زەرەرمەندی دەستی رژێمی بەعس بووە جگە لە کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە، 16-3-2024، ئەیاد کاکەیی، پارێزەر و شارەزایی یاسایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەداخەوە عێراق لە بەرپرسیارەتی یاساییەکەی قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە دوور دەکەوێتەوە، عێراق ئامادەیە قەرەبووی کوێت بکاتەوە، بەڵام ئامادە نییە قەرەبووی هاووڵاتیانی خۆی بکاتەوە، هەروەها قەرەبووی هەموو هاووڵاتیانی عێراقیانی کردووەتەوە کە زەرەرمەندی دەستی رژێمی بەعس بووە جگە لە کوردستان".

کاکەیی گوتیشی: "ناکرێت تاکێکی هەڵەبجە جیاوازی پێبکرێت لەگەڵ تاکێکی عێراق، ئەمڕۆ کە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە تاوەکو ئێستا بریندارانی چەکی کیمیایی چیان بۆکراوە".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەکو تاک کۆمپانیا بیانییەکانمان داوەتە دادگا، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت هیچ کاری نەکردووە و ئامادەش نییە کاربکات، ئەمەش وایکردووە کە بەرپرسانی عێراق و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بەو چاوە سەیری هەرێمی کوردستان بکەن کە بە عێراقیمان نەزانن وە جیاوازی بکرێت لە نێوان قوربانییەکان".

دەشڵێت: "عێراق خاوەنی چەندین یاساییە لە پرسی قەرەبوو، بەڵام ئامادە نییە قەرەبووی ئەنفاڵی هەڵەبجە و بارزانییەکان و فەیلەییەکان بکاتەوە"، بابزانیین هەڵوێستی سوودانی لەساڵیادی هەڵەبجە چی دەبێت، ئایا بڕیاردەدات هەڵەبجە وەکو رەفحە قەرەبوو بکرێتەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی درێغی نەکردووە لە داواکردن و کارکردن لەسەر ئەو دۆسیانە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی دوێنێ هاوپەیمانمان بوون ئەمڕۆ لە بەڵێنەکانی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە.

گوتیشی: بینیمان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و رکابەرییکردنی سەرۆکی حکومەت و رێگریکردن لە خۆش گوزەرانی و پێشکەوتنەکانمان.

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری شارەکەیان بە چەند گازێکی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە 10 هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە دەناڵێنن.

 بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بووە، لە دوای کیمیابارانکردنە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.

هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و رووکردنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment