ئازاد تۆفیق: حکومەتی عێراق تا ئێستا هیچی بۆ خەڵکی هەڵەبجە نەکردووە

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تا ئێستا هیچی نەکردووە بۆ خەڵکی هەڵەبجە و پێویستە بیسەلمێنێت جاوازی ناکات لە زاخۆوە تاوەکو بەسڕە.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئاداری 2024، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە 36ەمین ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا رایگەیاند، لە کیمیابارانکردنی خەڵکی هەڵەبجەدا زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوان گیانیان لەدەستدا، ئایا حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تا ئێستا چی کردووە و چیمان بۆ دەکات؟ بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت لە زاخۆوە بۆ بەسڕە جیاوازی نییە و یاخود لە ئاوێسەرەوە بۆ فاو جیاوازی نییە.

بە گوتەی ئەو: "دەبێت دەسەڵاتی سیاسی حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بهێڵێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکان و تۆڕەکانی هەڵەبجە و حزبی سیاسی داوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکات. دەبێت لە 37 ساڵ یادی هەڵەبجەدا کە دەکاتە 2025 حکومەتی عێراقی خۆی هەڵەبجە بکات بە پارێزگا".

ئازاد تۆفیق دەشڵێت: "ئەگەر هەڵەبجە ببێت بە پارێزگا ئێمە وەکو هەڵەبجە دەبینە خاوەنی بودجە و پڕۆژەی خۆمان، دەبینە خاوەنی کورسی لە کۆمسیۆن و نوێنەریش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ". گوتیشێ، "پەیاممان بۆ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بوون بە پارێزگامان پەسەند بکات".

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری شارەکەیان بە چەند گازێکی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە 10 هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە دەناڵێنن.

 بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بووە، لە دوای کیمیابارانکردنە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.

هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و رووکردنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.