دەستەی دەستپاکی سێ تۆمەتباری دزینی پارە دەگەڕێنێتەوە عێراق

دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق
دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستە دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە سێ تۆمەتباری دۆسییەی گەندەڵی، لە سووریا و ئوردون بیلاڕووسەوە دەگەڕينرێنەوە بۆ عێراق .

دادوەر حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە عێراق پێشوازی لە سێ تۆمەتباری گەندەڵی دەکات کە تۆمەتبارن بە دۆسییەی گەندەڵیی بردنی موڵکی گشتی و حکوومەت.

دادوەر دەڵێت: "تۆمەتباری یەکەم  بەناوی عیسام مووەفەق جاسمە، کە تۆمەتبارە بە دزینی بڕی پارە ‌760 ملیۆن دیناری عێراقی لە بانکی ڕەشید، لقی زانکۆی میسان، ئێستا لە پرۆسەی وەرگرتنەوەی تۆمەتبارین لە  سووریا، بەبێ ئامادەبوون سزا دراوە بە  10 ساڵ زیندانی ".

گوتیشی: "تۆمەتباری دووەم تاوانبار جینان جەواد عەبدولعەلی قەیسییە، لە بێلاڕووس دەستگیرکراوە و ئێستە لە پرۆسەی گەڕاندنەوەیە بۆ عێراق، بەو پێیەی شەش ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقی قەرزدارە، لە وەزارەتی تەندروستی لە ساڵی 2008 و بە ساختەکردنی ناو و گرێبەستی ساختەی پارە، بەبێ ئامادەبوون سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە  بۆ ماوەی حەوت ساڵ" 

دادوەر حەنون تۆمەتباری سێیەمیشی ئاشکراکرد و گوتی: "تۆمەتباری سێیەم، سەیف ئەحمەد عەبدول خەلیفە، لە ئوردن دەستگیرکراوە و لە عێراق بەبێ ئامادەبوون سزای 7 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە"، ڕاشیگەیاند، ئەم تۆمەتبارانە بەم زووانە دوای تەواوکردنی کاغەزی لێکۆڵینەوەکانیان دەهێنرێنەوە بۆ عێراق.

سەبارەت بە پرسی دانانی باج، حەنون دووپاتی کردەوە کە "ئەم تاوانە 30 تۆمەتبار دەگرێتەوە، لەنێویاندا دەستگیرکراوەکان، سپۆنسەرەکان و هەڵاتووەکان"، ئاماژەی بەوەشدا کە "دەستەی دەستپاکی دۆسیەکەی تەواوکردووە و ئێستە لەگەڵ دادگای لێکۆڵینەوەی کارامە لەقۆناغی کۆتاییەکانیەتی تا دەچێتە دادگا بۆ گرتنی تۆمەتبارەکان بەپێی یاسا، دەشڵێت "گرنگ نییە چەند کاتی بوێت، بەڵام تۆمەتباران دادگایی دەکرێن".