ئەکرەم ساڵح: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی22ـی پارتی لە کەلار
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی22ـی پارتی لە کەلار

K24 – هەولێر

بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە کەلار ڕایگەیاند، هەوڵەکانی دادگای فیدراڵی جێگەی گومانە و مەبەستی لاوازکردنی هەرێـمی کوردستان بە شێوەیەکی لەسەر خۆ.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2024، ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەلار، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، کشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ کە لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا دەرچوون، بە ئاڕاستەی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانن، بەجۆرێک پێگەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە ئەو پێگە بەهێزە نەبێت خاوەنی دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی بێت.

بەگوتەی ئەو: "هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یاسایی دەستوورییە، و دامەزراندنی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی عێراقی نوێ، بۆیە هەوڵەکانی دادگای فیدراڵی جێگەی گومان و تێبینییە بەو ئاراستەی هەرێـمی کوردستان لاواز بکات بە هێزێکی نەرم، لە ڕابردوودا هێزی سەربازییان دژی کورد بەکاردەهێنا بەڵام ئێستا کردویانە بە هێزێکی نەرم بۆ دژایەتیی گەلی کوردستان لە ڕێگەی یاساوە بە سەپاندنی دادگایەکی نادەستووریدا کوردستان لاواز بکەن بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت.

ئەکرەم ساڵح دەشڵێت: "پارتی، وەکو ئەرکێکی نەتەوەی کە ڕێبەرایەتی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانی کردووە، دەیەوێت دادگای فیدراڵی ڕابگرێت لەو بڕیارە نا یاسایی و نا دەستووریانەی کە دەیەوێت بەسەر هەرێمی کوردستاندا بیسەپێنێت. بڕیارەکەی پارتیش بۆ ئەوەیە هەموولایەک لە حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و دادگای فیدراڵیش بڵێت، "ئێمە قبووڵ ناکەین بڕیارێک بسەپێندرێت بەسەر هەرێمی کوردستاندا کە لە دەرەوەی ئیردەی خەڵکی کوردستان بێت".

رۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە  دەستوورییانەی  لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".