کاروان میراودەلی: ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ئامادە باشیدان

کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند، هەموو بنکەکانمان کە کۆی 36 بنکەیە ئەفسەر و کارمەندەکانمان خستووەتە ئامادە باشییەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2024، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی بەرنامەی کار لە دیوانی پارێزگاوە داڕشتنی بۆ کراوە ئێمەش وەک بەرگریی شارستانیی ئامادەکاریی خۆمان کردووە.

بەگوتەی ئەو: "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر هەر لە کاتژمێر 3:00ـی دوێنێ ئێوارەوە، سەرجەم   ئەفسەر و کارمەندەکانی 36 بنکەکانمان خستووەتە ئامادە باشییەوە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی دووبارە گفتۆگۆ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی روودەدات و ئەگەر و گریمانەکان چین".

میراودەلی دەشڵێت: "لەوانەی لێزمە بارانەکە کە لە 35 ملم بۆ 60 ملم دەبێت، زیانێکی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەویش بەهۆی ئەگەری تەرزە و هەورە تریشقە".

لە شاری دهۆک بە هۆی لافاوەوە، ئاو دەیان ئۆتۆمبێلی بردووە و دوو کەسیش بزر بوونە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کردووە و داوای کردووە "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بە زووترین کات بیکەن".