بۆکان جاف بۆ كوردستان24: هەموو شوێنەکان پڕ بکەن لە ئاڵای تاجیکستان

K24 - هەولێر:

بۆکان جاف دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و دانەری زمانی کوردی- شێوەزاری سۆرانی لەوەرگێڕی گووگڵ، بە کوردستان24ـی راگه‌یاند، بۆ هەموو کوردان لە هەر شوێنێکی ئەم زەمینەدان، تکایە ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان پۆست بکەن، لە کۆمێنت، لە هەموو سۆشیال میدیا و  ئەکاونتەکانتان، هەموو شوێنەکان پڕ بکەن لە ئاڵای تاجاکستان، ماوەی مانگێک تاوەکو 21/4، ئەم کارە بە گرنگیەوە سه‌یر بکەن.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئەم مانگە پڕ لە بەرپرسیارێتییە بۆ هەموو گەلی کورد".

هاوکات بۆکان جاف ئەوەشی راگەیاند، بۆ ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان:

یەکەم: چونكه‌ ئاڵای کوردستان ئیمۆجی نییە، ئێستە پێویستە ئاڵایەکی هاوشێوەی ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان بەکاربهێنرێت لە لایەن خەڵکەوە، بۆ ئەوەی له‌ماوه‌ی ئه‌و یه‌ك مانگه‌دا داتا وەربگرین کە چەند کەس بەکارییان هێناوە.

دووەم: لەسەر ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان ڕێکەوتن کراوە، چونکە زۆر لە ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان دەچێت لە شێوەدا وەک تاقیکارییەکە.

سێیەم: ئەم کەمپینە، كه‌ بۆ مانگێکە بۆ ئەوەیە خواست و ئارەزووی خەڵک بزانرێت، چونکە ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان پشت دەبەستێت بەوه‌ی ئایا خەڵک ئارەزووی دەکات یان نا.

چوارەم: داتای ئەم مانگە لە لایەن لایەنی پەیوەندیدار وەک بەڵگە و بیانوو بەکار دەهێنرێت.

پێنجەم: ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی کە بڵێین کە " فەرموو نەتەوەیەک هەیە کە ئیمۆجیی وڵاتێکی دیکە بەکار دەهێنرێت بەهۆی نەبوونی ئیمۆجیی ئاڵای خۆی.

شەشەم: ئەم کەمپینە چاوی زۆر لەسەرە و چاودێریی دەکرێت، لە کۆتایدا بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە.

ئەمانە و چەندین خاڵکی دیکە قۆناغ بە قۆناغ ڕوونی دەکەمەوە، ئەگەر دەتەوێت ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان زیاد بکرێت تکایە هەموو سۆشیال میدیا پڕ بکەن لە ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان.

675